وادەی دەست پێكردنی بانگەشەی هەڵبژاردن دیاری دەكرێت

:: PM:10:47:30/06/2025 ‌

بڕیارە هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق لە 11ی تشرینی دووەمی ئەمساڵ بەڕێوە بچێت و كۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەكان هەموو رێوشوێن و هەنگاوەكانی بۆ سازكردنی پرسەكە لە وادەی خۆی تەواو كردووە، ئەمڕۆ دووشەم ئەندامێكی كۆمسیۆن وادەی دەست پێكردنی بانگەشەی هەڵبژاردنی دیاری كرد.

حەسەن هادی زایەر گوتەبێژ بە ناوی تیمی راگەیاندنی كۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەكانی عێراق رای گەیاند كە كۆمسیۆن سەرەتای مانگی تشرینی یەكەمی داهاتووی بۆ دەست پێكردنی بانگەشەی هەڵبژاردنی كاندیدان دیاری كردووە.

روونی كردەوە، ماوەی تۆماركردن و نوێكردنەوەی تۆماری دەنگدەران زۆری خایاند و زانیارییەكانی زیاتر لە دوو ملیۆن دەنگدەر نوێ كرایەوە، بۆیە هیچ نیازێك بۆ دووبارە كردنەوەی دەرگەی نوێكردنەوەی زانیارییەكان نییە، هەرچی پێوەستە بە كورسیی پێكهاتەكان، لە چوارچێوەی یاسای هەڵبژاردن رێك خراوە و نیازێك نییە بۆ زیادكردنی. 



وشە - مه‌حموود ئیسماعیل