هەولێر و بەغدا لێك نزیكن و ئەمڕۆ ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق كۆ دەبێتەوە

:: AM:09:15:01/07/2025 ‌
كۆبوونەوەكانی شاندی هەرێمی كوردستان و عێراق لە بەغدا، لەبارەی پرسی نەوت و كێشەكانی تری ئابووری تا درەنگانی شەوی رابردوو بەردەوامیی هەبوو. هەردوو شاندەكە گەیشتوونەتە خاڵی كۆتایی بۆ رێككەوتن، بەڵام شاندی عێراق گوتوویانە دەرئەنجامی كۆبوونەوەكان لە ئەنجوومەنی وەزیران تاوتوێ‌ دەكرێت. 

ئەمڕۆ سێشەم یەكی تەمووز، بەپێی زانیارییەكانی "وشە" تا شەوی رابردوو كۆبوونەوەكانی نێوان شاندی هەولێر و بەغدا بۆ گفتوگۆ و رێككەوتن لە نێوانیاندا بەردەوامیی هەبوو.

ئەوەش زانراوە دەرئەنجامی بە دەستهاتووی كۆبوونەوەكانی دوێنێ‌، دەبرێتە ئەنجوومەنی وەزیران و لەوێ‌ بە ئامادەبوونی وەزیرەكانی عێراق كە بەشداریی گفتوگۆكانیان كردووە، بڕیاری لەبارەوە دەدرێت.

بڕیارە ئەمڕۆ سێشەم، ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق كۆبوونەوەی ئاسایی خۆی بكات، بڕیارە لە كۆبوونەوەكەدا ئەنجوومەن دەرئەنجامی كۆبوونەوەی هەردوو شاندەكە تاوتوێ‌ بكرێت. 

دوێنێ‌ سەرچاوەیەكی ئاگادار بە "وشە"ی گوت، رێككەوتنی كۆتایی نزیكە و ماوە رابگەیەنرێ‌، بەڵام ئەمڕۆ شاندی عێراق بە شاندەكەی هەرێمی كوردستانیان گوتووە، پێیان باشە ئەنجامی كۆبوونەوەی هەردوو شاند ببەنە كۆبوونەوەی ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق كە بڕیارە سبەی بەڕێوە بچێت. 

بەپێی زانیارییەكانی "وشە" هەردوو شاندەكە سوورن لەسەر ئەوەی كێشەكان چارەسەر بكرێن، بەڵام ئەوەی پێداگریی دەكات دوای ئەو ئارامگرتنە و راگرتنی مووچەی فەرمانبەرانی كوردستان، شاندی حكوومەتی هەرێمی كوردستانە، چونكە دەیانەوێ‌ ئەو كێشانە لە بنەڕەتەوە چارەسەر بكرێن و دووبارە دروست نەكرێنەوە.



وشە - رامیار جەواد