شەش فەرمانبەری شارەوانی بە تۆمەتی گەندەڵی گیران

:: AM:09:31:01/07/2025 ‌
دەستەی دەستپاكیی عێراق رای گەیاند، شەش فەرمانبەری شارەوانیی سەماوەیان بە تۆمەتی دیارنەمانی 36 ملیار دینار گرتووە.

دەستەكە لە راگەیەنراوێكیدا دەڵێ، تیمێكی نووسینگەی لێكۆڵینەوەی پارێزگای موسەنا لەگەڵ هێزێكی جێبەجێكردنی یاسا، فەرمانی گرتنی شەش فەرمانبەری شارەوانیی سەماوەی پارێزگای موسەنایان جێبەجێ كردووە.

دەشڵێ، فەرمانبەرەكان تۆمەتبارن بە گەندەڵی و دیارنەمانی 35 ملیار و 834 ملیۆن دینار.

دەستەكە ئاماژەی بەوەش كردووە، هەریەك لە بەڕێوەبەری ژمێریاری و بەرپرسانی هۆبەی وردبینی و ئەرشیڤی شارەوانی، لە ماوەی نێوان ساڵانی 2020 بۆ 2023 دەستكاریی پسوولەی كۆكردنەوەی داهات و خەرجییەكانی شارەوانییان كردووە و گەندەڵییان لەو پارانەدا كردووە كە لەو پسووڵانە دەست كەوتوون، بەبێ گەڕانەوەی بۆ دەوڵەت.



وشە - سۆران عەزیز