ئێران بۆ دەستپێكردنەوەی دانوستانەكان لەگەڵ ئەمەریكا مەرجی نوێی دادەنێت

:: AM:09:45:01/07/2025 ‌
وەزیری دەرەوەی ئێران بدووری دەزانێ دانوستانەكان لەگەڵ ئەمەریكا بەمزووانە و بە خێرایی دەست پێ بكاتەوە. دووپاتی كردووەتەوە كە دەرگای دیپلۆماسی هەرگیز داناخرێت، ئەوەیش بەو واتا نییە دانوستان بەخێرایی دەست پێ بكاتەوە و ئێران پێویستی بە كاتی زیاتر هەیە.

پێگەی "شەفەق نیوز" ئەمڕۆ سێشەم یەكی تەمووز بڵاوی كردووەتەوە، عەباس عێراقچی وەزیری دەرەوەی ئێران، لە دیمانەیەك لەگەڵ تۆڕی "سی بی ئێس نیوز"ی ئەمەریكی، لەبارەی دەستپێكردنەوەی دانوستانی نێوان وڵاتەكەی ئەمەریكا دووپاتی درووەتەوە، بێگومان دەرگای دیپلۆماسی داناخرێت، بەڵام ئەو مانایە نییە دانوستان بەمزووانە و بەخێرایی دەست پێ بكاتەوە، چونكە لە دوای 12 رۆژ جەنگ لەگەڵ ئیسرائیل بە پاڵپشتیی ئەمەریكا، ئێران پێویستی بە كاتە بۆ بیركردنەوە.

عێراقچی لەبارەی پیتاندنی یۆرانیۆم و هێرشەكەی ئەمەریكا بۆ سەر دامەزراوە ئەتۆمییەكانی ئێران گوتی، بەیچ شێوەیەك تەكنەلۆجیا و زانستی پیتاندنی یۆرانیۆم بە بۆردمان لە ناو ناچێت. دووپاتی كردەوە كە ئێران دەتوانێ بەخێرایی ئەو زیانانەی بەهۆی هێرشەكە كەوتوونەتەوە، چاكیان بكاتەوە، هاوكات دەتوانی ئەو كاتەی لە دەست چووە قەرەبوو بكاتەوە، ئەوە ئەگەر ویستی ئەوەمان هەبێت لەو پیشەسازییە پێشكەوتنی زیاتر بەدەست بێنین.

دواتریش عێراقچی دووپاتی كردەوە كە پێی وانییە دانوستانەكان بەمزووانە دەست پێ بكاتەوە و بۆ ئەوەیش ئێران پێویستی بە كاتی زیاترە تا باشتر بیر بكاتەوە. دەبێ بۆ بڕیاردان بۆ دەستپێكردنەوەی دانوستان، گرەنتی ئەوەیان هەبێت كە نابێ لە كاتی دانوستاندا دیسان ئەمەریكا هێرشیان بكاتەسەر.

جەنگی نێوان ئیسرائیل و ئێران لە بەرەبەیانی هەینیی 13ی مانگەوە بە دەستپێشخەریی ئیسرائیل دەستی پێ كردووە. ئەمڕۆ پێنجشەم حەوتەم رۆژی جەنگە و لە رۆژانی رابردوودا ئیسرائیل جگە لەوەی كە ژمارەیەكی زۆر لە فەرماندە باڵاكانی ئێرانی كوشتووە، لانی كەم 17 زانای ئەتۆمی لەناو بردووە و ژمارەی كوژراوانی ئێران گەیشتووەتە سەرووی 500 كەس. هاوكات ژێرخانی سەربازیی ئێرانی وێران كردووە. ئیسرائیل بە فەرمی رای گەیاندووە كە ئاسمانی ئێرانی بە تەواوی كۆنترۆڵ كردووە.

لە بەرانبەردا ئێران بەو مووشەك و درۆنانەی ئاراستەی ئیسرائیلی كردوون، ژمارەیەك لە مووشەكەكان هێڵی بەرگریی ئیسرائیلیان بڕیوە و زیانیان بە ئیسرائیل گەیاندووە و جگە لە وێرانكردنی كۆمەڵێك باڵەخانە، لانی كەم تا ئێستە زیاتر لە 30 كەسی كوشتووه و سەتانی تری بریندار كردووە.

دواتریش ئەمەریكا لە بەرەبەیانیی زووی 22ی حوزەیران، هێرشی كردە سەر دامەزراوە ئەتۆمییەكانی فۆردۆ و نەتەنز و ئەسفەهان و وێرانی كردن. ئێرانیش ئاماژە بە وەڵامدانەوەی ئەمەریكا دەكات. بەدوایدا لە 23ی حوزەیران ئێرانی وەڵامێكی لاوازی ئەمەریكای دایەوە بەوەی بە چەند مووشەكێك، هێرشی كرد سەر بنكە سەربازییەكانی ئەمەریكا لە ناوچەكە و زۆربەی مووشەكەكانیش هەر لە ئاسمان تەقێنرانەوە. وەك سەرۆكی ئەمەریكا هەر ئەوكات گوتی "وەڵامەكەی ئێران زۆر لاواز بوو".

دواتریش هەر ترەمپ خۆی رێككەوتنی ئاگربەستی جەنگەكەی راگەیاند و داوا لە ئیسرائیل و ئێران كرد، بە رێككەوتنەوەكە پابەند بن. لە 24ی حوزەیران رۆژ سێشەمەوە ئاگربەست دەستی پێ كردووە و شەڕ بەكۆتا هاتووە. وێڕای ئەوەیش جەنگی هەواڵگریی لە نێوان ئیسرائیل و ئێران بەردەوامیی هەیە.





وشە - وشیار ئه‌حمه‌د ئه‌سوه‌د