رێكخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو رای گەیاند، لە دوای دەستپێكی شەڕی نێوان ئێران و ئیسرائیل، هێزە تەناهییەكان ئێران دەستیان بە شەپۆلێكی سەركوت و دەستبەسەركردن كردووە بەتایبەت لە ناوچەكانی رۆژهەڵاتی كوردستان. دەشڵێت، لەو ماوەیەدا زیاتر لە 300 هاووڵاتیی كورد دەستبەسەر كراون كە یەكێكیان لە ژێر ئەشكەنجەدا گیانی لە دەست داوە.
رێكخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو، لە نوێترین راپۆرتێكدا رای گەیاند، لە دوای دەستپێكی شەڕی نێوان كۆماری ئیسلامیی ئێران و ئیسرائیل، شەپۆلێك لە سەركوت و دەستبەسەركردن لە ئێران دەستی پێ كردووە كە دەرەنجامەكانی بەتایبەت لە كوردستان بەرچاو بووە، بەشێوەیەك كە شارەكانی كوردستان بوونەتە جێی سەرنجی هێزەكانی حكوومەت.
ئەوەشی خستووەتەڕوو، لە ماوەی ڕۆژانی ڕابردوودا زیاتر لە 300 هاووڵاتیی كورد لەلایەن هێزە تەناهییەكانی ئێرانەوە دەستبەسەر كراون كە یەك كەسیان لە ژێر ئەشكەنجەدا گیانی لە دەست داوە. هەروەها منداڵێك و لاوێك لەلایەن هێزە تەناهییەكانەوە كوژراون و سێ بەندكراوی سیاسیی كورد لە سێدارە دراون.
بەپێی بەڵگەكانی دەست ئەو رێكخراوە كەوتوون، زیاتر لە 300 كەس لە شارەكانی كوردستاندا دەستبەسەر كراون و لە نێوان ئەو كەسانەدا، ژمارەیەكی بەرچاو ژن و كچی مێرمنداڵ هەن، بۆ نموونە 18 كچی خوار تەمەن 18 ساڵ لە مەهاباد و شەش ژن لە قەسری شیرین.
هەنگاو ئاماژەی بەوەش داوە هەر لەو رۆژانەدا، چەند هاووڵاتییەكی كورد كوژراون، لەوانە منداڵێكی نۆ مانگان. ناسنامەی ئەوانەی كوژراون بەم جۆرەیە: فوئاد عەلیخانی تەمەن 41 ساڵ و خەڵكی مایەشت لە دەستبەسەرگەی سوپا لە كرماشان لە ژێر ئەشكەنجەدا گیانی لە دەست داوە. ئازاد ڕەعنایی خەڵكی شارۆچكەی دوشانی سنە، لە خاڵێكی پشكنینی سوپا لەو شارەدا بە تەقەی ڕاستەوخۆی هێزەكانی سوپای پاسداران كوژراوە و هەروەها سەرمەد سەجادی منداڵی تەمەن نۆ مانگانی خەڵكی مەریوان، بەهۆی بەركەوتنی پارچەی سیستمی بەرگریی سوپای پاسداران كوژراوە.
لە بەشێكی تری راپۆرتەكەیدا هەنگاو هێمای بۆ ئەوە كردووە كە هەر لەو ماوەیەدا سێ بەندكراوی سیاسیی كورد بەناوەكانی ئازاد شوجاعی، ئیدریس ئالی دوو هاووڵاتیی خەڵكی شاری سەردەشت، ڕەسووڵ ئەحمەد محەمەد خەڵكی شاری سلێمانیی هەرێمی كوردستان، ڕۆژی چوارشەم 25ی حوزەیرانی 2025، بە تۆمەتی سیخوڕی بۆ ئیسرائیل لە بەندیخانەی ناوەندیی ورمێ لە سێدارە دراون.
ئەوەشی خستووەتەڕوو، لەسێدارەدرانی ئەو سێ بەندكراوە بەبێ ئاگاداركردنەوەی پێشوەخت و بەشێوەی نهێنی جێبەجێ كراوە و بنەماڵەكانیان لە مافی دوایین چاوپێكەوتن، وەرگرتنەوەی تەرمی منداڵەكانیان و بەڕێوەبردنی ڕێوڕەسمی سەرەخۆشی بێبەش كراون.
هەروەك لە بەشێكی تری راپۆرتەكەدا ئەوە خراوەتەروِو كە لەو ماوەیەدا بەشێك لە شارەكانی رۆژهەڵاتی كوردستان بە سەربازیی كراون لەوانە: بە سەربازیكردن و گواستنەوەی چەك و تەقەمەنی جەنگ بۆ ناوچەكانی كوردستان، لە چوارچێوەیەدا تۆپخانە لە چیای "گەزن"ی باینگان سەربە شاری پاوە، جێگیر كراوە و كاروانی سەربازی بۆ شاری بۆكان گواستراوەتەوە.
حاڵەتێكی تر لەو چوارچێوەیەدا وەك هەنگاو هێمای بۆ كردووە، جێگیركردنی هێزە تەناهییەكانە لە باڵەخانە پەروەردەییەكان لە شاری سەردەشت، وەك قوتابخانەی كچانی كەوسەر و گۆڕینی دەوروبەری نەخۆشخانەی فاڕابی كرماشان بۆ شوێنی ئەنباركردنی كەرەستەی شەڕ، كارێك كە بە كەڵكوەرگرتن لە قەڵغانی مرۆیی و تاوانی دژ بە مرۆڤایەتی ناسراوە.
هەنگاو باسی لەوەش كردووە كە لە ئەنجامی كوژرانی زیاتر لە 70 كەس لە هێزە سەربازییەكان لە پارێزگای كرماشان، گوشار لەسەر سەربازەكان زیاتر بووە و سوپای پاسداران و ئەرتەشی ئێران، هەڕەشەیان لێ كردوون كە لە ئەگەری بەجێهێشتنی بنكە سەربازییەكان یان هەڵاتن لە خزمەتی زۆرەملێی سەربازی، رووبەڕووی سزای لە سێدارەدران یان سزای قورسی تر دەكرێنەوە.
لە بەشێكی تری راپۆرتەكەدا هاتووە، لە دوای دەستپێكی شەڕی نێوان ئێران و ئیسرائیل، دادگای سنە بە ناردنی كورتەنامەیەك، هاووڵاتییانی ئاگادار كردووەتەوە كە هەرچەشنە دڵخۆشی دەربڕینێك لە تۆڕە كۆمەڵایەتییەكان، تاوانە و بەدواداچوونی یاسایی بۆ دەكرێت و لەبارەی هەڵوێستیان بە شەڕی نێوان ئێران و ئیسرائیل هەڕەشەی لێ كردبوون.
ڕێكخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو وێڕای شەرمەزاركردنی سەركوتی بەرفراوانی هاووڵاتییانی كورد، داوای كاردانەوەی دەستبەجێ، بەدواداچوونی سەربەخۆ و ناچاركردنی كاربەدەستانی كۆماری ئیسلامیی ئێرانی بە وەڵامدانەوە كردووە لەلایەن كۆمەڵگەی نێودەوڵەتی و رێكخراوەكانی مافی مرۆڤ، لە بەرانبەر پێشێلكردنی مافەكانی مرۆڤ لە كوردستان.