ئەمەریكا لە بەرانبەر ددانان بە ئیسرائیل ئابڵۆقەكانی سەر سووریا لا دەبات

:: AM:10:25:01/07/2025 ‌
دۆناڵد ترەمپی سەرۆكی ئەمەریكا دوێنێ دووشەم 30ی حوزەیران، فەرمانێكی سەرۆكایەتیی دەركرد بۆ لابردنی سزا و ئابڵۆقەكانی سەر سووریا. بەڵام ئەو سزایانە چین كە لادەچن و لەسەر بنەمای چی لا دەبرێن؟

بەگوێرەی فەرمانە سەرۆكایەتییەكەی ترەمپ، گشت ئابڵۆقەكانی سەر سووریا لا دەبرێن جگە لەو سزایانەی لەسەر بەشار ئەسەد و هاوكارەكانی، "پێشێلكارییەكانی مافی مرۆڤ و بازرگانانی مادەی هۆشبەر و كەسانی تێوەگلاو لە پەرەپێدان بە چەكی كیمیایی و هەروەها داعش و هاوئاوازەكانی و بریكارەكانی ئێران."

فەرمانەكە ڕێگە دەدات بە حكوومەتی سووریا "هەندێك شت" هەناردە بكات و "هەندێك شتیش" هاوردە بكات، بەڵام لە فەرمانەكە ئاماژە بە كاڵاكان نەدراوە.

هاوكات ترەمپ فەرمانی بە وەزیری دەرەوەی ئەمەریكا كردووە كە بە بڕیاری ناساندنی ئەحمەد شەرع سەرۆكی ئێستەی سووریا، وەك تیرۆریست و دەستەی ڕزگاركردنی شام وەك هێزێكی تیرۆریستی و هەروەها سووریا وەك "دەوڵەتی سپۆنسەری تیرۆر" بچنەوە. 

ترەمپ لە بەرانبەردا چی لە حكوومەتی نوێی سووریا دەوێت؟
بەگوێرەی فەرمانەكە، سووریا دەبێت "هەنگاوی كۆنكرێتی" بۆ بەرقەراربوونی ئاشتی لەگەڵ ئیسرائیل بنێت، "تیرۆریستە فەلەستینییەكان" لە خاكی سووریا وەدەر بنێت و "گرووپە تیرۆریستە فەلەستینییەكان" قەدەغە بكات، هەروەها یارمەتیی ئەمەریكا بدات لە ڕێگریكردن لە سەرهەڵدانەوەی داعش و بەرپرسیاریەتیی بەڕێوەبردنی گرتووخانەكانی داعش لە باكور و ڕۆژهەڵاتی سووریا (ڕۆژئاڤا).

لە كۆتایی بڕیارەكەدا هاتووە، "هەڵپەیەكی بەهێز هەیە بۆ كاركردن لەگەڵ سووریا، بۆ بەرگرتن بە بیری توندڕەوی و پەرەپێدان بە پێوەندییەكان و بەرقەراركردنی ئاشتی لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست."

شایانی باسە شەرع و هاوپەیمانییەك لە چەكدارە توندڕەوەكان لە كانوونی دووەمی ئەمساڵ، دەسەڵاتی بەشار ئەسەدیان كۆتایی پێ هێنا، دواتر شەرع بووە سەرۆك و دەستووری وڵاتی هەڵوەشاندەوە و پلەی سەربازیی بەخشییە فەرماندە هاوپەیمانەكانی و گوتی، دواتر هێزە چەكدارەكان لە ژێر چەتری سوپایەكی یەكگرتوو ڕێك دەخرێنەوە.

تا ئێستە شەرع هیچ هەنگاوێكی كردەیی بۆ نەهێشتنی بیری توندڕەوی و لەخۆگرتنی كورد و پێكهاتەكانی تری سووریا نەناوە، ئەمەش وایكردووە كە كەمینەكان لە نیازی دیمەشق بەگومان بن و بەشداریی حكوومەتی نوێی سووریا نەكەن. یەكێتیی ئەوروپاش سەرەڕای سووككردنی ئابڵۆقەكان، چەندان جار هۆشداریی بە شەرع داوە كە دەبێت حكوومەتەكەی گشتگیر بێت و هەروەها ماف و نوێنەرایەتیی پێكهاتەكان پارێزراو بێت.

محەمەد كامەران


وشە - وشه‌