دوو قاچاخچیی كورد لە فڕەنسا دادگایی دەكرێن و ئێستە لە گرتووخانەدان

:: AM:11:28:01/07/2025 ‌
بەگوێرەی ماڵپەڕی ستانداردی بەریتانی، هەشت قاچاخچی كە دووانیان كوردن و شەشیان ئەفغانی، لە فڕەنسا بە تاوانی بەقاچاخبردنی خەڵك لە نێوان سنووری ئاویی فڕەنسا و بەریتانیا، دادگایی كران و هەر یەكێكیان نزیكەی هەشت ساڵ لە گرتووخانە دەبن. 

یەكێك لە كوردەكان خەڵكی باشووری كوردستانە و ناوی دانا سەعیدە، ئەوی تریان ناوی ئەحمەد هەژانە و خەڵكی ڕۆژئاوای كوردستانە. 

ماڵپەڕی ستانداردی بەریتانی ئەمڕۆ سێشەم یەكی تەمووز، هەواڵی دادگاییكردنەكەی بڵاو كردەوە، هاوكات ئاماژەی بەوە داوە كە گرتنیان دوای چەند پۆستێكی تۆڕە كۆمەڵایەتییەكان هات كە تێیدا لاف و گەزاف بەو قازانجە لێ دەدەن كە لە گواستنەوەی مرۆڤ لە فڕەنساوە بۆ بەریتانیا دەستیان كەوتووە. لەندەن و پاریس چەندان مانگە چاودێریی تەلەفۆن و پێوەندییەكانیان دەكەن.

لە پێوەندییەكانیاندا زۆرجار كۆچبەرانیان بە "مریشك" و پەڕینەوە لە نۆكەندی ئینگلیزیان بە "یاری" ناو بردووە.

یەكێك لە دادگاییكراوان، بە تەنیا ساڵانە 750 هەزار پاوەندی بەریتانی دەرامەتی بووە. 

هەر هەشت تاوانبارەكەش لەسەر ڕووداوێكی نۆكەندی ئینگلیز لە كانوونی یەكەمی ٢٠٢٢ سزا دران، كە تێیدا لە كۆی 47 سەرنشینی بەلەمێكی بچووك، هەشتیان خنكان و تەرمی چواریان تا ئێستە نەدۆزراوەتەوە. 

ئەو تۆمەتانەی بەسەریان ساغ بوونەتەوە، بریتین لە "كوشتنی نائارەزوومەندانە"، "سەركێشیكردن بە ژیانی كەسانی تر"، "ئەنجامدانی كۆچی نایاسایی لە ڕێگەی باندی ڕێكخراوەوە" و "بەشداریكردن لە پلانگێڕیی تاوانكاری".

محەمەد كامەران


وشە - وشه‌