وڵاتێكی ئیسلامی پۆشینی نیقابی لە ژنان قەدەغە كرد

:: AM:11:34:01/07/2025 ‌
بە فەرمانێكی سەرۆكی كازاخستان، لەمەودوا پۆشینی نیقاب و ئەو جلوبەرگانەی كە دەموچاو دادەپۆشن، لە شوێنە گشتییەكانی ئەو وڵاتە قەدەغە دەكرێت، لە بڕیارەكەدا هاتووە، "نیقاب بە كولتووری ئێمە نامۆیە".

سەرۆكایەتیی كۆماری كازاخستان لە راگەیەنراوێكدا بڵاوی كردەوە، قاسم جورمات توكاییف سەرۆكی ئەو وڵاتە، فەرمانێكی سەرۆكایەتیی دەركردووە بۆ قەدەغەكردنی پۆشینی نیقاب و هەموو ئەو جۆرە جلوبەرگانە لە شوێنە گشتییەكان كە دەموچاو دادەپۆشن.
 
هەرچەندە لە فەرمانەكەی سەرۆكی كازاخستاندا، بە ئاشكرا پۆشینی جلوبەرگی ئیسلامی قەدەغە نەكراوە، بەڵام ئاماژە بەوە كراوە كە هۆكاری دەركردنی فەرمانەكە، بۆ رەتكردنەوەی كولتووری بێگانە و ئەو جۆرە جلوبەرگانەیە كە نامۆن بە كولتوور و نەریتی كۆمەڵایەتیی گەلانی كازاخستان.

لە دوای دەرچوونی فەرمانە سەرۆكایەتییەكە، لەمەودوا رێگە بە كچ و ژنێك نادرێت لە شوێنە گشتییەكانی كازاخستان، نیقاب بپۆشێت و دەموچاوی بشارێتەوە، پێشتریش ئەو وڵاتە كە زۆرینەی دانیشتووانەكەی مسوڵمانن، بەفەرمی پۆشینی نیقابی لە ناوەندەكانی خوێندن و فەرمانگە حكوومییەكان قەدەغە كردبوو.

ئەم بڕیارەی كازاخستان، هاوشێوەی هەنگاوەكەی وڵاتی قیرغیزستانی دراوسێی دێت كە سەرەتای ئەمساڵ، بڕیاری دا بە قەدەغەكردنی پۆشینی نیقاب لە شوێنە گشتییەكانی وڵاتەكەی.



وشە - سۆران عەزیز