شەڕی ئاسمانیی ئێران و ئیسرائیل كتوپڕ لە 13ی حوزەیرانی رابردوو دەستی پێ كرد و دوای 12 رۆژ لە دوای وێرانكردنی دامەزراوە ئەتۆمییەكانی ئێران لە لایەن ئەمەریكاوە كۆتایی پێ هێنرا، راپۆرتەكان باسی ئەوە دەكەن كە بەرنامە ئەتۆمییەكەی ئێران زیانێكی ئەتۆی پێ نەگەیشتووە و ئێران لە هەڵوێستەكانی بەردەوامە و سازش ناكات، هاوكات پلانی گۆڕانكاری لە ناوچەكە تا ئێستە ئامانجەكانی نەپێكاوە، بۆیە شارەزایەك پێشبینی دەكات پەرەسەندنی گەورەتر بەڕێگەوە بێت.
حوسێن ئەسعەد توێژەر لە كاروباری ناوچەكە و نێودەوڵەتی وریایی لە پەرەسەندنی گەورە لە ناوچەكە دەدات، كە رەنگە نەك رژێمی ئێران، بەڵكو تەواوی نەخشەی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست بگۆڕێت، لەوانەش عێراق، روونی كردەوە، هەموو ئاماژەكان بەو ئاراستەیەن كە شەڕی ئیسرائیل و ئێران كۆتایی نەهاتووە، بگرە بە ئاگربەستێكی وڵاتانی ناوچەكە و دنیا وەستاوە، لە رۆژانی داهاتوو دەست پێ دەكاتەوە و رەنگە لە شەڕی دوایی سەختتر بێت.
ئاماژەی كرد، خۆرادەستنەكردنی ئێران لە شەڕی دوایی، رەنگە وا لە ئیسرائیل و ئەمەریكا بكات رژێمی ئەو وڵاتە بڕوخێنن، هەموو ئەو پەرەسەندنانەش كاریگەریی مەترسیدار و گەورەیان لەسەر ناوچەكە دەبێت، ئیسرائیل و ئەمەریكا دەیانەوێ نەخشەی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست بەپێی ئەجینداكانی خۆیان دابڕێژنەوە، بێگومان عێراقیش لەو گۆڕانكارییانە بەدوور نابێت.
بەم دواییە ژمارەیەك راپۆرتی رۆژئاوایی ئاماژەیان بۆ ئەوە كرد كە دەبێت پێداچوونەوە بۆ مامەڵەكردن لەگەڵ تاراندا بكرێت، نەك تەنیا وەك نەیارێكی ئەتۆمی سەیر بكرێت، بگرە وەك رژێمێك پێویستە لاواز بكرێت، ئەسعەد پێی وایە عێراق لەو گۆڕانكارییانە دوور نابێت، چونكە كەوتن یان لاوازكردنی رژێمی ئێران، هاوسەنگیی سیاسی و تەناهی لە بەغدا تێكدەدات و كار دەكاتە سەر گرووپە چەكدارەكان و دووبارە كاریگەریی وڵاتانی دراوسێ لەناو عێراق دادەڕێژێتەوە.