روانگەی عێراق بۆ ئازادیی رۆژنامەوانی رای گەیاند كە ئەمڕۆ سێشەم هێزێكی فەرمیی تەناهیی عێراقی هەڵی كوتاوەتە سەر نووسینگەی كەناڵی ئاسمانیی"عێراق حەدەس" لە بەغدا و پەخشی كەناڵەكەی راگرتووە.
روانگەكە لە بەیاننامەیەكدا ئاماژەی كرد كە ئیدارەی كەناڵە ئاسمانییەكە رای گەیاندووە كە چەند هێزێكی تەناهی بە هاوەڵی هێزێكی هەواڵگری و نوێنەری دەستەی راگەیاندن و پێوەندییەكانی عێراق، هەڵیان كوتاوەتە سەر نووسینگەی كەناڵەكە لە بەغدا و پەخشی كەناڵەكەیان راگرتووە.
ئەمە و بەیاننامەكە باسی هۆكاری هەڵكوتانی ئەو هێزە عێراقییەی بۆ سەر نووسینگەی كەناڵەكە و داخستنی نەكرد.
"عێراق حەدەس"، كەناڵێكی ئاسمانیی عێراقییە، وەك خۆیان باسیان كردووە، گرنگی بە گواستنەوەی هەواڵی خێرا و شرۆڤەكردنی قووڵی رووداوە ناوخۆیی و ناوچەیی و نێودەوڵەتییەكان دەدات، بەتایبەتی ئەو پرسانەی پێوەستن بە كۆمەڵگەی عێراقییەوە.