هەوڵێك بۆ دواخستنی هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق هەیە

:: PM:05:47:01/07/2025 ‌

بڕیارە هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق لە 11ی تشرینی دووەمی ئەمساڵ بێتە سازكردن و هەموو ئامادەسازییەكان وەك پێویست بەڕێوە دەچن، لەناو بوونی راپۆرت بەوەی هێزە سیاسییەكان دوودڵی و ترسێكیان لە ئەنجامەكەی هەیە، بۆیە هەوڵێك بە پاساوی جیاواز بۆ دواخستنی پرۆسەكە هەیە.

سەرچاوەیەك لەوبارەوە دەڵێت، چەند لایەنێكی ناوخۆیی پاڵپشتیكراو لە لایەن وڵاتانی ناوچەكە گوشار دەكەن بۆ دواخستنی هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق بە پاساوی ناسەقامگیریی دۆخی تەناهیی ناوچەكە، بۆیە چاوەڕوان دەكرێت لە ماوەی داهاتوو ئەو هێزانە داواكەیان پێشكەش بكەن بۆ رێكخستنەوەی كارتەكانیان و گونجاندنی لەگەڵ ئەو لایەنانەی بایكۆتی پرۆسەكەیان كردووە، وەك ئاماژەیەك بۆ رەوتی نیشتمانیی شیعەی موقتەدا سەدر. 

جیا لە هەوڵی دواخستنی هەڵبژاردن، چەند هێزێكی باڵادەستی سیاسی هەوڵی هەمواركردنەوەی یاسای هەڵبژاردن دەدەن، كە رەنگە ئەوەش پێویست بە دواخستنی پرۆسەكە بكات، جیا لەوانە ئێستە ژمارەی هێزە سیاسییە بایكۆتكارەكان بۆ هەڵبژاردن روو لە زیادبوونە، دوای راگەیاندنی موقتەدا سەدر بەوەی رەوتەكەی بەشداری لە پرۆسەكە ناكات، هاوپەیمانی نەسری حەیدەر عەبادیش بایكۆتكردنی هەڵبژاردنی راگەیاند، ئەوە جیا لە چەند هێزێكی مەدەنی و ئەو ساردییەی بەشداریكردنەی كە چاوەڕوان دەكرێت دەنگدەران بەشداری لە پرۆسەكە نەكەن. 



وشە - مه‌حموود ئیسماعیل