رۆژنامەیەك: چین ئێرانی لە داخستنی گەرووی هورمز وریا كردبووەوە

:: PM:06:36:01/07/2025 ‌

لە گەرمەی هێرشەكەی ئیسرائیل بۆ سەر ئێران لە 13ی حوزەیرانی رابردوو و بەدرێژایی 12 رۆژی شەڕەكە، بەتایبەتی دوای بۆردمانی ئەمەریكا بۆ دامەزراوە ئەتۆمییەكانی ئێران لە 22ی حوزەیران، شارەزایان پێشبینیان كرد وەك وەڵامدانەوەیەكی ستراتیجی، ئێران گەرووی هورمز بە رووی هاتوچۆی دەریایی دابخات، بەوەش هاتوچۆی 20%ی نەوتی دنیای پەك دەخست و كاری دەكردە سەر نرخی نەوت، رۆژنامەیەك دووپاتی كردەوە كە هەڕەشەكانی چین وایان كرد ئێران دەست بۆ ئەو كارە نەبات.

رۆژنامەی "ئیدیعۆت ئەحرۆنۆت"ی ئیسرائیلی لە لیزا دەفتەری شارەزا لە كاروباری ئێرانی گواستەوە، ئێران وریاكردنەوەی لە چینەوە پێ گەیشت لە ئەگەری داخستنی گەرووی هورمز، كە دەبووە هەڕەشە بۆ سەر ئەو نەوتەی بۆ پەكین دەچوو، بەو پێیەش هەڕەشە بوو بۆ سەر ئاسایشی وزەی ئەو وڵاتە.

روونی كردەوە، ملكەچیی تاران بۆ هەڕەشەكەی پەكین ئاماژەیە بۆ لاوازی و دابڕانی پەرەسەندووی رژێمی ئێران، دووپات لە كەمبوونەوەی دەسەڵات و پێوەندییە نێودەوڵەتییەكانی دەكاتەوە، دەركەوت رژێمی ئێران ئەوەندە دابڕاوە تا ئاستێك نزیكترین هاوپەیمانەكانی كە چین و رووسیان، نەیانتوانی وەك پێویست یارمەتی بدەن، تەنانەت حزبوڵای لبنانیش، كە پڕۆژەیەكی خۆیەتی و پێشتر 150 هەزار مووشەكی پێ داوە، ئەویش هیچ جووڵەیەكی بۆ بەهاناچوونی نەكرد.

شایەنی باسە لە دوای هەڕەشەكانی ئێران بە داخستنی گەرووی هورمز لە وەڵامی هێرشەكەی ئەمەریكا بۆ سەر دامەزراوە ئەتۆمییەكانی، ماركۆ رۆبیۆ وەزیری دەرەوەی ئەمەریكا داوای لە چین كرد بۆ بەكارهێنانی پێوەندی و دەسەڵاتەكانی بۆ رازیكردنی ئێران بۆ دانەخستنی گەرووی هورمز، چونكە ئەو هەنگاوە هەڵەیەكی گەورە و خۆكوشتنێكی ئابوورییە.



وشە - مه‌حموود ئیسماعیل