توركیا: چەند رۆژێكی تر پەكەكە چەك رادەست دەكات

:: PM:08:20:01/07/2025 ‌

لە ماوەی ئەمساڵ پرۆسەیەكی نوێی ئاشتی لە توركیا دەستی پێ كرد و عەبدوڵا ئۆجەلان سەرۆكی گیراوی پارتی كرێكارانی كوردستان پەیامێكی بڵاو كردەوە و داوای لە حزبەكەی كرد چەك دابنێت و خۆی هەڵوەشێنێتەوە، لە وەڵامی ئەو داواكارییە پەكەكە كۆنگرەی بەست و بڕیارەكەی پەسند كرد، گوتەبێژ بە ناوی حزبی داد و گەشەپێدانی فەرمانڕەوا لە توركیا دەڵێت، بڕیارە لە ماوەی چەند رۆژی داهاتوو پەكەكە دەست بە رادەستكردنی چەك بكات.

عومەر چەلیك گوتەبێژ بە ناوی حزبی داد و گەشەپێدان بە سەرۆكایەتیی رەجەب تەیب ئەردۆغان سەرۆكی توركیا لە وەڵامی رۆژنامەوانان سەبارەت بە خشتەی كاتی بۆ رادەستكردنی چەكی پەكەكە گوتی، لەو قۆناغە نامەوێ خشتەیەكی كاتی باس بكەم، ئێستە گەیشتووینەتە قۆناغێك دەكرێ ئەو هەنگاوە لە ماوەی چەند رۆژێكی تر ببینین.  

هاوكات لەگەڵ قسەكانی چەلیك كە ئاماژەیە بۆ كرانەوەیەكی نزیكی گرێ كوێرەی چەكی پەكەكە، چەند سەرچاوەیەكی پەكەكە بە "رۆیتەرز"یان راگەیاند، ئامادەسازی بۆ رادەستكردنی چەكی گرووپێكی بچووكی پەكەكە بە هاوئاهەنگی لەگەڵ هێزە تەناهییەكانی سلێمانی لە چەند رۆژی داهاتوو هەیە، بەرپرسێكی تەناهیش لە سلێمانی گوتی، چەند لایەنێكی تەناهی سەر بە حكوومەتی عێراق سەرپەرشتیی رادەستكردنی چەكەكان دەكەن و ئەو پرسە ئەگەر وەك پلانی بۆ دانراوە بەڕێوە بچێت، هەفتەی داهاتوو چەكی پەكەكە رادەست دەكرێت.   

سەرچاوەیەكی تر لە پەكەكە گوتی، رێوڕەسمی دانانی چەكەكان وەك دەستپێشخەرییەكی نیازپاكییە بە مەبەستی دروستبوونی متمانە و رێخۆشی بۆ حكوومەتی توركیا بۆ هەنگاونان بە ئاراستەی پابەندبوون بەوەی لەسەریەتی بەرەو گەیشتن بە ئاشتییەكی بەردەوام.



وشە - مه‌حموود ئیسماعیل