شەڕی غەزە تەواو نەبووە و نابێت، لە دوای هێرشەكەی بزووتنەوەی حەماس بۆ سەر ئیسرائیل لە كۆتایی 2023 دەستی پێ كردووە و تا ئێستە زیاتر لە 50 هەزار كەس كوژراون و زۆرینەی كەرتی غەزە وێران بووە، ئەو شەڕە جیا لە مانەوەی بنیامین نەتنیاهۆ سەرۆك وەزیرانی ئیسرائیل لە پۆستەكەی و دادگایینەكردنی بە چەند تۆمەتێك، پێوەست كراوە بە سەركەوتنی ئیسرائیل، وەزیری دەرەوەی ئیسرائیل مەرجەكانی كۆتاهاتنی شەڕەكە رادەگەیەنێت.
هەر لە دوای شەڕەكە جیا لە كوشتنی زۆرینەی سەركردە و فەرماندە سەربازییەكانی بزووتنەوەی حەماس، ئیسرائیل دوو مەرجی راگەیاند، كە جێبەجێبوونیان واتە سەركەوتنی ئیسرائیل و دۆڕانی حەماس، یەكەمیان گەڕاندنەوەی تەواوی بارمتەكانی ئیسرائیلە لای حەماس و دووەمیان دانانی چەكی حەماس و چوونەدەرەوەیەتی لە كەرتی غەزە و دووركەوتنەوەیە لە دەسەڵات و قۆناغی دوای شەڕەكە، كە ئەوەش حەماس پێی رازی نییە.
جەدعوون ساعر وەزیری دەرەوەی ئیسرائیل دووپاتی دەكاتەوە كە تا ئێستە حەماس زیاتر لە 50 بارمەتی لایە، دەكرێ سبەی شەڕی غەزە كۆتایی بێت ئەگەر بزووتنەوەكە ئەو بارمتانە ئازاد بكات و واز لە چەك بێنێت، زیاتر گوتی، ئیسرائیل لە گەیشتن بە دەستەوارەیەك بۆ ئاگربەست ئامادەیە، بە پێشنیازەكانی ستیڤ ویتكۆف نێردراوی ئەمەریكا رازی بوین، بەڵام حەماس رەتی دەكاتەوە، بۆیە حەماس بەرپرسیارە لە نەهامەتیی فەلەستینی و ئیسرائیلییەكان.
پێشنیازەكەی ویتكۆف بریتییە لە ئاگربەستێكی 60 رۆژی، لەو ماوەیە لە كۆی 56 بارمتەی ئیسرائیلی لای حەماس 28یان ئازاد دەكرێن، ئەوە لە بەرانبەر ئازادكردنی ئیسرائیل بۆ زیاتر لە 1200 گیراوی فەلەستینی، لەپاڵ رێگەدان بە گەیشتنی یارمەتی مرۆیی بۆ غەزە، كەچی حەماس داوا دەكات بۆ ئازادكردنی بارمتەكانی ماون ئیسرائیل شەڕ بە یەكجاری بوەستێنێت، ئەوە لەوكاتەی نەتنیاهۆ رازی نییە بە وەستانی شەڕ تا لەناوبردنی حەماس و داماڵینی چەكەكەی.