ترەمپ: گەلی سووریا مەزنن پیاوێكی بەهێز و باشیش سەركردایەتییان دەكات

:: PM:09:29:01/07/2025 ‌
دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمەریکا، ئەمڕۆ سێشەم، یەكی تەمووز ڕای گەیاند، گەلی سووریا گەلێکی مەزنن، ستایشی سەرکردایەتیی ئەحمەد شەرع، سەرۆکی قۆناغی راگوزەری سووریای کرد و بە "پیاوێکی بەهێز و باش" وەسفی کرد. ئەم هەڵوێستە نوێیە هاوکاتە لەگەڵ بڕیارێکی مێژوویی بۆ هەڵگرتنی سزاکانی سەر ئەو وڵاتە.

لەبارەى بڕیاری هەڵگرتنی سزاکان، ترەمپ لە لێدوانێکدا کە لەلایەن میدیاکانەوە گواسترایەوە گوتی، سزاکانم لەسەر سووریا هەڵگرت بۆ ئەوەی دەرفەتێک بە وڵاتەکە ببەخشم.

کۆشکی سپی، ڕۆژی دووشەمی ڕابردوو ڕای گەیاندبوو، سەرۆک دۆناڵد ترەمپ فەرمانێکی جێبەجێکاری بۆ کۆتاییهێنان بە سزاکانی سەر سووریا واژوو کردووە. دوای واژوو کردنەکە، ترەمپ دووپاتی کردەوە، هەڵگرتنی سزاکان پشتگیری لە ئامانجەکانی ئاسایشی نیشتمانی و سیاسەتی دەرەوەی ئەمەریکا دەکات، وڵاتەکەی پابەندە بە پشتگیریکردنی سووریایەکی سەقامگیر و یەکگرتوو کە بە ئاشتی لەگەڵ خۆی و دراوسێکانیدا بژی.

لەلایەکی ترەوە وەزارەتی گەنجینەی ئەمەریکا ڕای گەیاند، 518 کەسایەتی و قەوارەی سووریی لە لیستی سزاكان لابردووە، بەڵام هەندێکیان دەستبەجێ لاناچن، وەک بەشێک لە فەرمانە جێبەجێکارییەکە، ترەمپ فەرمانی بە مارکۆ ڕۆبیۆ وەزیری دەرەوە کردووە، پێداچوونەوە بە پۆلێنکردنی ئەحمەد شەرع سەرۆکی سووریا، وەک "تیرۆریستێکی جیهانی" بکات.


وشە - پۆڵا مەحموود