لە سبەی چوارشەمەوە توركیا ئاوی زیاتر بۆ عێراق رەوانە دەكات

:: PM:10:04:01/07/2025 ‌

لە ماوەی دوایی شارەزایان وریاییان لە مەترسیداریی كەمئاوی لە عێراق دا، كە ئەگەری هەیە كارەساتێكی ژینگەیی و كشتوكاڵی و ئاژەڵی دروست بكات، بەتایبەتی لە باشوور و ناوەڕاستی عێراق، كە بەهۆی ئەو بەنداوانەی ئێران و توركیا لەسەر سەرچاوەی هەردوو رووباری دیجلە و فورات دروستی دەكەن هاتنی ئاوی بۆ عێراق زۆر كەمی كرد، سەرۆكی پەرلەمانی عێراق رای گەیاند كە توركیا رازی بووە ئاوی زیار بۆ عێراق بەرداتەوە.

بەپێی بەیاننامەیەكی نووسینگەی مەحموود مەشهەدانی سەرۆكی پەرلەمانی عێراق كە ئێستە بە سەردانێك لە توركیایە، لە دوای دیداری مەشهەدانی و رەجەب تەیب ئەردۆغان سەرۆكی توركیا، هەردوولا باسی پێوەندییەكانیان كردووە، سەرۆكی پەرلەمانی عێراق داوای لە ئەردۆغان كردووە رێگە بە هاتنی ئاوی زیاتر بۆ هەردوو رووباری دیجلە و فورات بدرێت، جیا لە چارەسەركردنی كێشەی مانەوەی عێراقییەكان لە توركیا و ئاسانكردنی رێوشوێنی مانەوەیان و دوورنەخستنەوەی كتوپڕیان كە كێشەیان بۆ دروست دەكات.  

بەپێی بەیاننامەكە سەرۆك كۆماری توركیا ستایشی هەڵوێستەكانی حكوومەتی عێراقی كردووە و پاڵپشتیی خۆی بۆ عێراق و گەلەكەی دووپات كردووەتەوە، ئامادەیی وڵاتەكەی بۆ زیادكردنی پشكی ئاوی عێراق لە هەردوو رووباری دیجلە و فورات لە سبەی چوارشەمەوە بە قەبارەی 420 مەتر سێجا لە چركەیەك داوە.  




وشە - مه‌حموود ئیسماعیل