بۆچی ترەمپ رەتی كردەوە "خامەنەیی" بە ئامانج بگیرێت؟ سەرۆكی پێشووی CIA روونی دەكاتەوە

:: PM:10:28:01/07/2025 ‌
دەیڤید پێتریۆس، سەرۆکی پێشووی دەزگای هەواڵگریی ناوەندیی ئەمەریکا (CIA)، هۆکاری ڕەتکردنەوەی پێشنیازی ئیسرائیل لەلایەن دۆناڵد ترەمپەوە بۆ کوشتنی عەلی خامنەیی ڕێبەری ئێران، ئاشکرا دەکات. دەڵێت هۆکارەکەی "ناڕوونی و دڵنیانەبوون بووە لەبارەی جۆر و توانای چەک و چەکدارەکانی ئێران و میلیشیاکانی لە ناوچەکەدا".

پێتریۆس دەڵێت، دەتوانم بڵێم من خۆم شایەتحاڵی دروستبوونی میلیشیاکانی سەر بە ئێران بووم لە ناوچەکەدا. هەروەها ڕوونی دەکاتەوە، من فەرماندەی سەربازی بووم لە عێراق کاتێک ئێران تێوەگلا لە کوشتنی سەدان سەربازی ئەمەریکی، بۆیە ئەگەر ئەم ڕژێمە بڕووخێت، فرمێسکێکی بۆ ناڕێژم، بەڵام دڵنیا نیم لەوەی دوای ئەو چی دێتە پێشەوە، نیگەرانم لەوەی دواتر چی ڕوودەدات.

ناوبراو ئاماژەی بەوەش کرد، وڵاتانی عەرەبی لە نزیکەوە چاودێریی دۆخەکە دەکەن، ئەمەش شتێکی ئاساییە، بەڵام بە دڵنیاییەوە نایانەوێت تێوەبگلێن.

سەرۆکی پێشووی CIA دووپاتی کردەوە، هیچ کەس نایەوێت ببینێت ژێرخانی ئابوورییەکەی زیانی بەردەکەوێت، وەک چۆن ئێران چەند ساڵێک لەمەوبەر بە دامەزراوە نەوتییەکەی '"بەقیق"ـی سعوودیەی کرد، هەروەها نایانەوێت ببینن حووسییەکان دووبارە مووشەکیان ئاراستە دەکەن.

پێشتر دۆناڵد ترەمپ، هێرشی کردبووە سەر عەلی خامنەیی و ڕای گەیاندبوو، ئەوی لە مردنێکی حەتمییەوە ڕزگار کردووە، پێویستە ئێران بگەڕێتەوە بۆ ڕێڕەوی سیستمی جیهانی، لە بەرانبەردا، خامنەیی گوتی کە زیادەڕەوییەکانی ترەمپ تەنیا بۆ شاردنەوەی بێدەسەڵاتیی خۆیەتی.


وشە - پۆڵا مەحموود