بەهۆی دابەشكردنی چوكلێت، فەرمانی گرتن بۆ مەلایەكی ئاینی دەرچوو، دادگای كەرخی بەغدا فەرمانەكەی دەركردووە.
ئەمڕۆ چوارشەم دووی تەمووز، بەپێی هەواڵی میدیاكانی عێراق، عەدای غرەیری ئەو مەلا سوننەیەی بەغدایە كە فەرمانی گرتنی بۆ دەرچووە، ئەویش بەهۆی دابەشكردنی چوكلێت بووە.
ئەو مەلایە وتاربێژی مزگەوتی عومەر موختارە لە بەغدا، دادگای كەرخ فەرمانی گرتنی بۆ دەركردووە و دەڵێت، غرەیری چوكلێتی دابەش كردووە و خۆشیی دەربڕیوە بۆ كوشتنی ئیمامی حوسێن.
پێشتر عەدای غرەیری لە ڤیدیۆیەكدا روونی دەكاتەوە و دەڵێت، چوكلێت و خۆشی دەربڕینی ئێمە بۆ رۆژی كۆچی پێغەمبەر بووە لە مەكە بۆ مەدینە و سەری ساڵی كۆچی، نەك بۆ شەهیدكردنی حوسێن، نەفرەت لەوەی حوسێنی شەهید كرد، نەفرەت لەوەش كە هاوكاریی كرد.