هێزەکانی ئێران لە گوندێکی بەلووچستان ژنێکیان کوشت و 11 ژنی تریان بریندار کرد

:: PM:04:27:02/07/2025 ‌
میدیاکانی گرووپ و رێکخراوەکانی نەتەوەی بەلووچ بڵاویان کردەوە هێزەکانی ئێران هەڵیانکوتاوەتە سەر گوندێکی شارۆچکەی خاش لە پارێزگای سیستان و بەلووچستان، ژنێکیان کوشتووە و 11 ژنی تریان بریندار کردووە.

هێزەکانی ئێران بە چەک پەلاماری گوندەکەیان داوە و وا دیارە بە قسەی خۆیان لە کەسانێک گەڕاون کە سیخوڕی ئیسرائیل بوون و کاتێکیش گەیشتوونەتە گوندەکە هیچ پیاوێکی گوندەکە لە ماڵ نەبووە و ئەو هێرشە لەگەڵ ناڕەزایەتیی ژنانی گوندەکە بەرەوڕوو بووە.

ماڵپەڕی حال وەش کە ماڵپەرێکی بەرگریکاری بەلووچەکانە بڵاوی کردووەتەوە کە بێڕێزی بە ژنانی گوندەکە کراوە و تەنانەت ئاڵۆزی دروست بووە و تەقە لە ژنان کراوە و بەهۆیەوە ژنێک گیانی لەدەست داوە و 11ی تر بریندار کراون.

ئەمڕۆ چوارشەم قەرارگەی ناوچەیی قودسی باشووری رۆژهەڵاتی هێزی وشکانیی سوپای پاسداران لە بەیاننامەیەکدا بە بێ ئەوەی باس لە ناوی گوندەکە بکات بڵاوی کردەوە بەدوای پێنج کەسدا گەڕاون کە هاووڵاتیی بیانی و سیخوڕی ئیسرائیل بوون.

هەر لە بەیاننامەکەدا ئاماژە بەوە کراوە کە ژمارەیەک هاووڵاتی بریندار بوون بێ ئەوەی وردەکاریی زیاتر بخاتە روو.

پێویستە بگوترێ ئێران لە رۆژانی رابردوودا سەدان کەسی بە تۆمەتی سیخوڕیکردن بۆ ئیسرائیل دەستبەسەر کردووە.

بەلووچ نەتەوەیەکە کە هاوشێوەی کورد ستەمی لێ دەکرێت و خاکی بەلووچستان بەسەر پاکستان و ئێراندا دابەش بووە.


وشە - سلێمان تاشان