شەڕی رووسیا و ئۆكراینا لە 24ی شوباتی 2022 بە هێرشێكی فرەوانی رووسیا بۆ سەر ئۆكراینا دەستی پێ كرد و هێشتا بەردەوامە، رووسیا لەو شەڕە پێشڕەوی كردووە و جیا لە نیوچە دوورگەی كریمیا لە 2014، چەند ناوچەیەكی تری ئەو وڵاتەی داگیر كرد، ئێستە رووسیا چاوی لەوەیە چەند ناوچەیەكی تر كۆنترۆڵ بكات و وەك سەركەوتووێك رێككەوتنێكی ئاشتی بەسەر كیێڤ بسەپێنێت، ئۆكراینا هەوڵی بەرگری دەدات و هێرشی پێچەوانە دەكات، ئەمڕۆ وەزارەتی بەرگریی رووسیا كوژرانی فەرماندەیەكی سەربازیی رووسیای راگەیاند.
ئۆلیگ كۆجیمیاكۆ فەرمانڕەوای ناوچەیەكە لە رۆژهەڵاتی رووسیا ئاماژەی كرد، دوێنێ جەنەراڵ میخایل جۆدكۆڤ جێگری فەرماندەی هێزی دەریاوانیی رووسیا لە ناوچەی كۆرسكی رووسی كوژراوە، كەناڵە نافەرمییەكانی رووسیا و ئۆكرانیا لە تەلەگرام ئاماژەیان كرد كە جۆدكۆڤ لەگەڵ 10 سەربازی تری رووسی لە هێرشێكی ئۆكراینا بۆ سەر ناوەندێكی سەركردایەتی لە ناوچەی كۆرینیڤۆ لە كۆرسك لە نزیك سنوورەكانی ئۆكراینا كوژراوە.
جۆدكۆڤ یەكێكە لە فەرماندە باڵاكانی سوپای رووسیا كە بە دەستی سوپای ئۆكراینا كوژرابێت، ئەو لە لایەن رووسیا چەندان نیشانەی ئازایەتی پێ بەخشراوە و لە لایەن ئۆكرایناشەوە وەك ئەنجامدەری تاوانی جەنگ وەسف دەكرا، لە لایەن ڤلادیمێر پۆتین سەرۆكی رووسیا لە ئاداری رابردوو وەك جێگری فەرماندەی هێزی دەریاوانی رووسیا دانراوە، هاوكات فەرماندەی لیوایەكی دەریایی رووسیا بووە و لە كۆرسك بەشداری لە شەڕ كردووە.