توركمانەكانی پردێ رێگەی كەركووك بۆ هەولێر دادەخەن

:: PM:05:19:03/07/2025 ‌

لەگەڵ نزیكبوونەوەی هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق هێزە سیاسییەكانی عێراق كەوتوونەتە خۆ و سوود لە هەموو هەلێك دەبینن بۆ راكێشانی سۆزی جەماوەر و كۆكردنەوەیان لە دەوری خۆیان، ماوەیەكە توركمانەكانی شارۆكەی پردێ، بەتایبەتی سەر بە بەرەی توركمانی خۆپێشاندان رێك دەخەن، ئەوان رێگەی كەركووك هەولێریان داخستووە.

ئێوارەی ئەمڕۆ پێنجشەم دەیان خۆپێشاندەری توركمان جارێكی تر رێگەی سەرەكیی كەركووك هەولێریان لە شارۆكەی پردێ داخست، ئەوەش وەك ناڕەزایەتییەك بەرانبەر بە گۆڕانكارییە ئیدارییەكان لە پۆستەكانی شارۆكەكە و كەركووك، خۆپێشاندەران خێوەتیان چەقاندووە و رێگەی سەرەكیی كەركووكیان بە تایەی سووتێنراو داخستووە.

بەپێی سەرچاوەكان خۆپێشاندەران بڕیارەكانی گواستنەوە و گۆڕینی بەرپرسە توركمانەكان لە فەرمانگەكانی پردێ و كەركووك رەت دەكەنەوە و داوای هەڵوەشانەوەی دەكەن، دووپاتیان كردووەتەوە كە لە ناڕەزایەتییەكانیان بەردەوام دەبن تا داواكارییەكانیان جێبەجێ دەبێت، هاوكات هێزە تەناهییەكان لە ناوچەكە بڵاوەی پێ كراوە بۆ رووبەڕووبوونەوەی هەر ئەگەرێك.   




وشە - مه‌حموود ئیسماعیل