عێراقچی: پابەندین بە پەیماننامەی قەدەغەی بڵاوبوونەوەی چەكی ئەتۆمی

:: PM:05:40:03/07/2025 ‌

بەر لە دەست پێكردنەوەی گفتوگۆ ئەتۆمییەكانی ئەمەریكا و ئێران، تاران هەوڵ دەدات هەندێك كارتی گوشار بەدەست بخات بۆ بەهێزكردنی پێگەی لەو گفتوگۆیانە، بەم دواییە بڕیاری دا هاریكاری لەگەڵ ئاژانسی نێودەوڵەتی وزەی ئەتۆمی هەڵبپەسێرێت، ئەوەش وای كرد ئەمەریكا و ئەوروپا گوشاری زیاتری بخەنە سەر، لەو ناوەدا وەزیری دەرەوەی ئێران دووپاتی كردەوە كە وڵاتەكەی پابەندە بە پەیماننامەی قەدەغەی بڵاوبوونەوەی چەكی ئەتۆمی.

عەباس عێراقچی وەزیری دەرەوەی ئێران ئەمڕۆ پێنجشەم لە پۆستێكی لە لاپەڕەی خۆی لە تۆڕی ئێكس نووسیویەتی، تا ئێستە ئێران پابەندە بە پەیماننامەی هاریكاریی قەدەغەی بڵاوبوونەوەی چەكی ئەتۆمی و رێككەوتنی گەرەنتییەكان، هاریكاریی ئێران لەگەڵ ئاژانسی وزەی ئەتۆمیش لە رێگەی ئەنجوومەنی باڵای ئاسایشی نەتەوەیی دەبێت، ئەوەش بە هۆكاری پێوەست بە سەلامەتی و ئاسایشەوە.  

ئەو قسانەی عێراقچی دوای ئەوە دێت كە هادی تەحان نەزیف گوتەبێژ بەناوی ئەنجوومەنی پاراستنی دەستووری ئێران دووپاتی كردەوە كە بڕیاری هەڵپەساردنی هاریكاریی لەگەڵ ئاژانسی نێودەوڵەتی وزەی ئەتۆمی پێویستە جێبەجێ بكرێت، لە دوای ئەوەی ئیسرائیل داوای لە وڵاتانی ئەوروپای واژووكار لەسەر رێككەوتنی ئەتۆمی كرد بۆ سەپاندنەوەی بەپەلەی سزاكان بەسەر ئێران.   

نەزیف دووپاتی كردەوە كە بڕیارەكە بە سەرۆك كۆمار راگەندراوە و بووەتە یاسایەكی بەركار، بۆیە بۆ لەمەودوا هەڵپەساردنی هاریكاری لەگەڵ ئاژانسی وزەی ئەتۆمی تا كاتی دابینكردنی سەلامەتیی زانا ئەتۆمی و دامەزراوە ئەتۆمییەكانمان بەردەوام دەبێت و ئەو بابەتەش پێوەستە بە ئەنجوومەنی باڵای ئاسایشی نەتەوەیی ئێرانەوە. 



وشە - مه‌حموود ئیسماعیل