ترەمپ: گەورەترین هێرشی ئاسمانیمان لە مێژوودا کردە سەر ئێران و بەرنامە ئەتۆمییەکەیمان سڕییەوە

:: AM:09:17:04/07/2025 ‌
دۆناڵد ترەمپ سەرۆکی ئەمەریکا، ئەمڕۆ هەینی چواری تەمووز، ئەو هێرشانەی کە ویلایەتە یەکگرتووەکان ئاراستەی دامەزراوە ئەتۆمییەکانی ئێرانی کردووە، بە "گەورەترین هێرشی ئاسمانی" لە مێژووی وڵاتەکەیدا لەقەڵەم دا و دووپاتی کردەوە کە بووەتە هۆی "سڕینەوەی" بەرنامە ئەتۆمییەکەی ئێران.

ترەمپ لە لێدوانێکدا گوتی، هەرکەسێک گومانی هەبێت لەوەی کە ئێمە پیتاندنی یۆرانیۆمی ئێرانمان لەناوبردووە، درۆزنە. ئێمە بەرنامە ئەتۆمییەکەی ئێرانمان لەناوبرد و گەورەترین هێرشی ئاسمانیمان لە مێژوودا ئەنجام دا.

هەروەها گوتیشی، بەتەواوی هەموو ئەو ئامانجانەمان لەناوبرد کە لە ئێران پلانمان بۆ دانابوو. ئێمە خاوەنی گەورەترین کەرەستەی سەربازین لە جیهاندا و خاوەنی بەهێزترین سوپاین لە جیهاندا.

سەرۆکی ئەمەریکا درێژەی بە قسەکانیدا و گوتی، یەکەمین کاری سەربازیمان هێرشە بەهێزەکە بوو بۆ سەر ئێران و ڕەنگە بەم زووانە لەگەڵ ئێرانییەکان کۆببینەوە.

ئەو گوتی کە، ئێرانییەکان پێیان گوتم کە دەیانەوێت 14 مووشەک ئاراستەی هێزەکانی ئەمەریکا بکەن و پێشوەختە هاوئاهەنگییان لەگەڵ مندا کرد و منیش ڕەزامەندیم لەسەر ئەوە نیشان دا.

لە بەشێكی تری قسەکانیدا گوتی، ئێمە بنکە ئاسمانییەکەمان لە قەتەر چۆڵ کرد پێش ئەوەی ئێران دەست بە بۆردمانکردنی بکات و قەتەر بەڕاستی مامەڵەیەکی نایابی لەگەڵدا کردین.

ترەمپ ئاشکرای کرد کە ئەمڕۆ هەینی لە کۆشکی سپی پێشوازی لەو فڕۆکەوانانە دەکات کە دامەزراوە ئەتۆمییەکانی ئێرانیان بۆردوومان کردووە.


وشە - پۆڵا مەحموود