دوای هێرشە درۆنییەکەی سەر هەولێر ئەمەریکا لە بنکەی عەین ئەسەد خرایە حاڵەتی ئامادەباشییەوە

:: AM:10:43:04/07/2025 ‌
سەرچاوەیەکی ئاگادار، ئەمڕۆ هەینی چواری تەمووزی 2025، ڕای گەیاند کە هێزەکانی ئەمەریکا لە بنکەی سەربازیی عەین ئەسەد لە ڕۆژئاوای ئەنبار، ڕێوشوێنی تەناهیی توندیان گرتووەتەبەر. ئەم هەنگاوە دوای ئەو هێرشە دێت کە شەوی ڕابردوو کرایە سەر نزیک فڕۆكەخانە لە هەولێر. هاوکات، دژەتیرۆری کوردستان لە ڕاگەیەندراوێکی فەرمیدا پشتڕاستی کردەوە کە درۆنێکی بۆمبڕێژکراو لە نزیک فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتیی هەولێر خراوەتە خوارەوە.

سەرچاوەکە بە "بەغداد ئەلیەوم"ی عێراقی ڕاگەیاندووە، ئەو هێرشەی کە بە درۆنێک کرایە سەر نزیک فڕۆكەخانەی نێودەوڵەتی هەولێر کە سەتان سەربازی ئەمەریکی تێدا جێگیرە و پێش ئەوەی بگاتە ئامانج خرایە خوارەوە، وای لە هێزەکانی ئەمەریکا لە بنکەی عەین ئەسەد کرد کە ڕێوشوێنی تەناهیی توند بگرنەبەر بۆ خۆئامادەکردن بۆ هەر حاڵەتێکی لەناکاو.

هەروەها گوتیشی، سەرەڕای تێپەڕبوونی چەندین سەعات بەسەر هێرشەکەدا، ڕێوشوێنە تەناهییەكان "ئەمنییەكان" تاوەکو ئێستاش بەردەوامن.

بەگوێرەی ڕاگەیەندراوەکەی دژەتیرۆری کوردستان، هێرشەکە سەعات 21:58ـی شەوی پێنجشەم سێی تەمووز بووە و تیایدا درۆنێکی بۆمبڕێژکراو لە نزیک فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتیی هەولێر خراوەتە خوارەوە. دژەتیرۆری کوردستان دووپاتی کردەوە کە "خۆشبەختانە هیچ زیانێکی گیانی و مادیی لێ نەکەوتەوە."

سەرچاوە ئاگادارەکە بۆ "بەغداد ئەلیەوم" ئاماژەی بەوەش کردووە کە "ئەم ڕێوشوێنانە وەک هەنگاوێکی خۆپارێزی دێن، بەتایبەتی لەژێر ڕۆشنایی دووبارەبوونەوەی هێرشە مووشەکی و درۆنییەکان لەم دواییانەدا، لەکاتێکدا پرسیاری زۆر لەبارەی ئەو لایەنەوە دروست بووە کە لە پشت ئەو هێرشانەوەیە، چ لە هەولێر و چ لە کەرکووک.

بەگوێرەی زانیارییەکان، بنکەی عەین ئەسەد لە ئێستادا فڕینی چڕی فڕۆکەی بێفڕۆکەوانی بەخۆیەوە دەبینێت، هاوکات لەگەڵ بەهێزکردنی ڕێوشوێنە تەناهییەكان لە دەروازەکانی بنکەکە و تاوەرە سەرەکییەکانی چاودێریدا.


وشە - پۆڵا مەحموود