بەرپرسانی ئەوروپی: سەركردەكانی ئێران زیاتر سوورن لەسەر بەدەستهێنانی چەكی ئەتۆم

:: PM:01:20:05/07/2025 ‌
ژمارەیەك لە بەرپرسانی یەكێتیی ئەوروپا دووپات دەكەنەوە، لە دوای هێرشەكەی ئەمەریكا بۆ سەر دامەزراوە ئەتۆمییەكانی ئێران، ئێستە سەركردەكانی ئەو وڵاتە زیاتر سوورن لەسەر ئەوەی چەكی ئەتۆم بەدەست بێنن.

پێگەی "عەرەبیە" ئەمڕۆ شەموو پێنجی تەمووز بلاوی كردووەتەوە، سێ بەرپرسی ئەوروپی باسیان لەوە كردووە كە زۆر پێویستە رێككەوتن لەبارەی بەرنامەی ئەتۆمی دەست پێ بكات. دووپاتی دەكەنەوە لێدانەكەی ئەمەریكا لە دامەزراوە ئەتۆمییەكانی ئێران، وایكردووە ئێرانییەكان زیاتر لە جاران سوور بن لەوەی بەنهێنی چەكی ئەتۆمییان دەست بكەوێت. وەك ئەوەی رۆژنامەی "واشنتن پۆست" ئەمەی بڵاو كردووەتەوە.

باس لەوەش دەكەن كە لێدانەكەی ئەمەریكا نەیتوانیوە تەواوی دامەزراوە ئەتۆمییەكانی ئێران لەناو ببات، هاوكات زۆریش ئەستەمە هەردوو لایەن بتوانن جارێكی تر دەست بە دانوستانەكان بكەنەوە. ئەوەیش دەڵێن كە ئێستە بۆچوونەكانی ئێران گۆڕانكاریی بەسەردا هاتووە، بەتایبەتی لە دوای هێرشەكانی ئیسرائیل بۆ سەر وڵاتەكەیان و تێكچوونی دانوستانەكان كە سەرۆكی ئەمەریكا دەستی پێ كردبوو.

بەرپرسێكی تری ئەوروپی بۆ رۆژنامە ئەمەریكییەكە گوتی، هەر دانوستانێكی تر ئەگەر دەست پێ بكات، بەپێی ئەو زیانە دەبێت كە بەر دامەزراوە ئەتۆمییەكانی ئێران كەوتووە و چیشی لێ ماوەتەوە، بۆ ئەوەیش پێویستی بە كاتێكی زۆر درێژترە. بەڵام بەپێی وڵاتانی ئەوروپا، لێدانەكەی ئەمەریكا، زیانێكی زۆر گەورەی لە دامەزراوە ئەتۆمییەكانی ئێران گەیاندووە. ئەوانیش لێدانی دامەزارە ئەتۆمییەكانی فۆردۆ و نەتەنز و ئەسفەهان.



وشە - وشیار ئه‌حمه‌د ئه‌سوه‌د