ئەمەریكا لە یەك كاتدا ناتوانێ چەك و كەلوپەلی سەربازی بۆ ئیسرائیل و ئۆكراینایش بنێرێت

:: PM:03:38:05/07/2025 ‌
راپۆرتێكی نوێی ئەمەریكی ئاشكرای كردووە، ئیدارەی ئەمەریكا ناتوانێ لە یەك كاتدا هاوكاریی چەك و كەلوپەلی سەربازیی بۆ ئیسرائیل و ئۆكراینا بنێرێت، بۆیە پاڵپشتیی ئۆكراینای راگرتووە و تەواوی سەرنجەكانی كەوتووەتە سەر ئیسرائیل و پاڵپشتییەكانی.

پێگەی "عەرەبیە" ئەمڕۆ شەموو پێنجی تەمووز بڵاوی كردووەتەوە، بەپێی ئەو راپۆرتە ئەمەریكییە و ئەو بڕیارەی ئەمەریكا بۆ هاوكاریی چەك و كەلوپەلی سەربازی بۆ ئیسرائیل و ئۆكراینا، لەو سۆنگەیەوە هاتووە كە ئەمەریكا بۆ ئێستە ناتوانێ پێكەوە هاوكاریی تەلئەبیب و كێیڤ بكات، چونكە ئەو پابەندبوونەی ئەمەریكا لە توانای سەربازیی راستیی خۆیدا نییە. وەك رۆژنامەی "واشنتن پۆست" راپۆرتەكەی بڵاو كردووەتەوە.

رۆژنامە ئەمەریكییەكە زیاتر دەڵێت بڕیارەكەی دۆناڵد ترەمپ سەرۆكی ئەمەریكا لەوبارەی لێدانە دامەزراوە ئەتۆمییەكانی ئێران، لایەنگرەكانی خۆی تووشی شۆك كردووە كە پێیان وایە دەستوەردان لە كاروباری وڵاتانی بیانی باش نییە. تەنانەت راگرتنی هاوكارییەكانی ئۆكراینایش بەهەمانشێوە هەندێكیانی تووشی سەرسوڕمان كردووە و پێیان باش نییە. بۆیە ئاڵنگاریی سەرەكی لە سیاسەتی وەزارەتی دەرەوەی ئەمەریكا، بەو شێوەیەیە كە پابەندبوونی ئەمەریكا لە تەواوی دنیادا، لە سەرووی توانا سەربازییەكانی خۆیەتی. بۆیە فەرماندەیی ئەمەریكا ئێستە بۆ چارەسەری مامناوەند دەگەڕێت.

دوێنێ هەینی ترەمپ سەرۆكی ئەمەریكا رای گەیاند، لە پێوەندییە تەلەفۆنییەكەی لەگەڵ ڤلادیمێر پوتین سەرۆكی رووسیا، هەستی بە بێزاری كردووە كە لەبارەی وەستانی جەنگی ئۆكراینا قسەیان كردووە. ئەوەشی گوت كە پوتین لەو پێوەندییە ئاماژەی داوە، دەیانەوێ بۆ كوشتنی چەند كەسێك درێژە بە شەڕەكانیان بدەن.

ترەمپ لەناو فڕۆكەكەی قسەی بۆ رۆژنامەنووسان كرد و رای گەیاند، دۆخەكە زۆر ئەستەم بووە، گوتم كە لەبارەی پێوەندییە تەلەفۆنییەكە لە قسەكانی پوتین بێزار بووم، پێدەچێ ئەو بیەوێ تا كۆتا هەنگاو بنێت، بەردەوام بێ لە كوشتنی كەسانێك زۆر بە ئاسایی، ئەوەیش كارێكی باش نییە.

لەوەتەی ترەمپ وەك سەرۆكی ئەمەریكا دەستبەكار بووە، تا ئێستە هەردوو سەرۆك ترەمپ و پوتین، پێنج جار بە تەلەفۆن قسەیان كردووە، بۆ ئەوەیش سەرۆكی ئەمەریكا دەیەوێ بە زووترین كات ئەو جەنگەی نێوان رووسیا و ئۆكراینا بوەستێنێت.

جەنگی رووسیا لە دژی ئۆكراینا كە لە 24ی شوباتی 2022 دەستی پێ كرد، بەهۆیەوە هەزاران كوژراو و برینداری لە هەردوولا لێ كەوتووەتەوە، بەهۆیەوە ملیۆنان ئۆكراینیش ئاوارە بوون و شوێنەكانیان بەرەو وڵاتانی ئەوروپا جێهێشتووە. هاوكات ئەمەریكا و وڵاتانی رۆژئاوا سزای ئابووریی توندیان بەسەر رووسیادا سەپاندووە و لە هەمان كاتیشدا بە چەك و كەلوپەلی سەربازی و دارایی، پاڵپشتیی ئۆكراینا دەكەن.

بەڵام لەوەتەی دۆناڵد ترەمپ سەرۆكی ئەمەریكا وەك سەرۆكی ئەو وڵاتە دەستبەكار بوو، رۆڵی سەرەكی بینی وەك ناوەندگیر بۆ دەستپێكردنی دانوستانی نێوان رووسیا و ئۆكرانیا. ئێستەیش دانوستان بەردەوامە و ژمارەیەك دیلیان گۆڕیوەتەوە، بەڵام نەگەیشتووەتە ئاستی وەستانی جەنگەكە.

جەنگی نێوان ئیسرائیل و ئێرانیش لە بەرەبەیانی هەینیی 13ی مانگەوە بە دەستپێشخەریی ئیسرائیل دەستی پێ كردووە. ئیسرائیل جگە لەوەی كە ژمارەیەكی زۆر لە فەرماندە باڵاكانی ئێرانی كوشتووە، لانی كەم 17 زانای ئەتۆمی لەناو بردووە و ژمارەی كوژراوانی ئێران گەیشتووەتە سەرووی 600 كەس. هاوكات ژێرخانی سەربازیی ئێرانی وێران كردووە. ئیسرائیل بە فەرمی رای گەیاندووە كە ئاسمانی ئێرانی بە تەواوی كۆنترۆڵ كردووە.

لە بەرانبەردا ئێران بەو مووشەك و درۆنانەی ئاراستەی ئیسرائیلی كردوون، ژمارەیەك لە مووشەكەكان هێڵی بەرگریی ئیسرائیلیان بڕیوە و زیانیان بە ئیسرائیل گەیاندووە و جگە لە وێرانكردنی كۆمەڵێك باڵەخانە، لانی كەم تا ئێستە زیاتر لە 30 كەسی كوشتووه و سەتانی تری بریندار كردووە.

دواتریش ئەمەریكا لە بەرەبەیانیی زووی 22ی حوزەیران، هێرشی كردە سەر دامەزراوە ئەتۆمییەكانی فۆردۆ و نەتەنز و ئەسفەهان و وێرانی كردن. ئێرانیش ئاماژە بە وەڵامدانەوەی ئەمەریكا دەكات. بەدوایدا لە 23ی حوزەیران ئێرانی وەڵامێكی لاوازی ئەمەریكای دایەوە بەوەی بە چەند مووشەكێك، هێرشی كرد سەر بنكە سەربازییەكانی ئەمەریكا لە ناوچەكە و زۆربەی مووشەكەكانیش هەر لە ئاسمان تەقێنرانەوە. وەك سەرۆكی ئەمەریكا هەر ئەوكات گوتی "وەڵامەكەی ئێران زۆر لاواز بوو".

دواتریش هەر ترەمپ خۆی رێككەوتنی ئاگربەستی جەنگەكەی راگەیاند و داوا لە ئیسرائیل و ئێران كرد، بە رێككەوتنەوەكە پابەند بن. لە 24ی حوزەیران رۆژ سێشەمەوە ئاگربەست دەستی پێ كردووە و شەڕ بەكۆتا هاتووە. وێڕای ئەوەیش جەنگی هەواڵگریی لە نێوان ئیسرائیل و ئێران بەردەوامیی هەیە.

 



وشە - وشیار ئه‌حمه‌د ئه‌سوه‌د