رۆژنامەیەك: نەتنیاهۆ و ترەمپ لە واشنتن باسی شەڕی غەزە و ئێران و سووریا دەكەن

:: PM:06:43:05/07/2025 ‌

لەوكاتەی هەواڵ و ئەگەری رێككەوتنێكی ئاگربەست و وەستانی شەڕ لە كەرتی غەزە گەرمە و سەرۆكی ئەمەریكا پێی وایە ئەم هەفتەیە بە رێككەوتن دەگەن، بڕیارە سبەی ئێوارە بنیامین نەتنیاهۆ سەرۆك وەزیرانی ئیسرائیل سەردانی واشنتن بكات و راپۆرتەكان باسی ئەوە دەكەن گفتوگۆی سەرۆك وەزیرانی ئیسرائیل و سەرۆكی ئەمەریكا زیاتر لە وەستانی شەڕی غەزە دەگرێتەوە.

دوای ئەوەی ئەمەریكا پێشنیازێكی بۆ ئاگربەست دایە ئیسرائیل و بزووتنەوەی حەماس بۆ وەستانی شەڕ لە غەزە، سەرۆك وەزیرانی ئیسرائیل رەزامەندیی وەڵاتەكەی راگەیاند و بزووتنەوەی حەماسیش رای گەیاند كە وەڵامدانەوەی ئەرێنی بووە و داویەتی بە وڵاتانی ناوەندگیر، واتە قەتەڕ و میسر، بڕیارە ئێوارەی سبەی یەكشەم نەتنیاهۆ بگاتە واشنتن.

رۆژنامەی "مەعاریف"ی ئیسرائیلی باسی سەردانەكەی سبەی نەتنیاهۆ بۆ واشنتن دەكات، كە سێیەم سەردانیەتی بۆ ئەمەریكا لە ماوەی شەش مانگدا، دەڵێت سەردانی ئەوجارە تەنیا باسی هاوپەیمانی و پاڵپشتی ناكات، بەڵكو باسی پلانێكی تۆكمەی ئەمەریكا و هەڵوێستی توندی ترەمپ و گوشارەكانی بۆ سەر هەموولایەك و گۆڕانكاریی گەورە دەكرێت، باسی ئاگربەستی پێشنیازكراو بۆ شەڕی غەزە دەكرێت، بەڵام باسی دیدی ترەمپ لەبارەی پڕۆژەیەك بۆ گفتوگۆیەكی فرەوانی سیاسی لە ناوچەكە زیاتر لە سنووری غەزە دەكرێت.   

رۆژنامەكە سەرنج دەخاتە سەر سووربوونی ترەمپ لەسەر پلانەكەی بۆ ئاشتی، دەیەوێ هەمووان پاڵپشتیی پڕۆژەكەی بن و وەك خۆی بەم دواییە دەڵێت، دۆخەكە ئەگەر باش نەبێت خراپتر دەبێت، لەو سەردانە باسی ئێرانیش دەكرێت، ئیسرائیل دەیەوێ گەرەنتی لە ترەمپ وەربگرێت بۆ ئازادی كارە سەربازییەكانی لە دژی تاران، هەروەها رێككەوتنی تەناهی لەگەڵ سووریا.



وشە - مه‌حموود ئیسماعیل