"هەرێم رووبەڕووی هێرش دەبێتەوە و بەغداش تەنیا سەیر دەكات"

:: PM:07:02:05/07/2025 ‌

لە ماوەی دوایی جیا لە سیاسەتە ستەمكارییەكانی عێراق بەرانبەر بە هەرێمی كوردستان، لە رێگەی بڕینی بودجە و مووچەی مووچەخۆرانی هەرێم و دروستكردنی بەمەبەستی دۆخێكی ناڵەباری بژێوی بۆ فەرمانبەر و هاووڵاتییان، پارێزگاكانی هەرێمی كوردستان رووبەڕووی هێرشێكی درۆنەكان هاتنەوە، شارەزایان پێیان وایە هەموو ئەوانە لەبەر چاوی حكوومەتی عێراق دەكرێت.

وەفا محەمەد كەریم توێژەری سیاسی پێی وایە هەرێمی كوردستان بە قۆناغێكی سەخت تێپەڕ دەبێت كە رووبەڕووی شەڕێكی ئابووری و سیاسی و تەناهی و سەربازی بووەتەوە، روونە كە ئێران لە هەرێم رازی نییە و ئەو گڵۆپی سەوزی بۆ میلیشیاكان هەڵكردووە بۆ كردنەئامانجی هەرێم.

دووپاتی كردەوە، هەموان دەزانن كە هیچ بارەگەیەكی ئیسرائیلی لە هەرێم نییە، هاوكات هەرێم یارمەتی هیچ لایەنێكی شەڕكەری نەداوە و بە بەردەوام داوای ئاشتی و دووركەوتنەوە لە شەڕی كردووە، كەچی ئێستە رووبەڕووی هێرشی درۆن و مووشەك دەبێتەوە، ئەوە لەوكاتەی حكوومەتی عێراق تەنیا هەڵوێستێكی سەیركردنی هەیە.

كەریم ئاماژەی كرد، تا ئێستە هەڵوێستی ئەمەریكییەكان لاوازە و ئەوان بە شتی ترەوە سەرقاڵن، تەنانەت گرنگی بە دۆخی عێراقیش نادەن، بەتایبەتی كە درۆنەكان هیچ بارەگە و بنكەیەكی سەربازیی ئەمەریكایان نەكردووەتە ئامانج.



وشە - مه‌حموود ئیسماعیل