ئیلۆن ماسك پارتی ئەمەیكا دادەمەزرێنێت

:: PM:11:51:05/07/2025 ‌

ئیلۆن ماسك كارساز و سەرمایداری ئەمەریكی رای گەیاند كە پارتێكی نوێی سیاسی بە ناوی پارتی ئەمەریكا دادەمەزرێنێت، ئەوەش لەسەر خواستی زۆرینەی هاووڵاتییانی ئەمەریكا بۆ گۆڕانگاریی سیاسی.

ئیلۆن ماسك پێوەندییەكی زۆر بەهێزی لەگەڵ دۆناڵد ترەمپ سەرۆكی ئەمەریكا هەبوو لە هەڵبژاردنەكانی كۆتای ساڵی رابردوو پاڵپشتییەكی گەورەی ترەمپ بوو، لە ماوەی ئەمساڵ چەند جارێك ناكۆكی كەوتە نێوانیان و لە كۆتایی هەفتەی رابردوو كاتێك ئەنجوومەنی نوێنەرانی ئەمەریكا بە زۆرینە دەنگی لەسەر پڕۆژەیاسای باجی ترەمپ دا، ماسك بەرانبەر بە یاساكە نارازی بوو. 

ئەمڕۆ ماسك لە بەیاننامەیەك لە لاپەڕەی خۆی لە تۆڕی ئێكس بڵاوی كردەوە روو لە هاووڵاتییانی ئەمەریكا دەكات و نووسیویەتی، بە جیاوازیی دوو بۆ یەك پارتێكی نوێی سیاسیتان دەوێت، بۆیە بەدەستی دێنن، ئەو بەتوندی رەخنەی لە سیستمی یەكپارتی لە ئەمەریكا گرت و گوتی، ئەوكاتەی بابەتەكە پێوندیی بە مایەپووچبوونی وڵاتەكەمان هەیە بەهۆی بەهەدەردان و گەندەڵییەوە، ئەوە ئێمە لە دیموكراسیدا ناژین، بەڵكو لە سیستمی یەكپارتی كە بڕیاردان قۆرخ دەكات.

روونی كردەوە، مەبەست لە دامەزراندنی پارتی ئەمەریكا گەڕاندنەوەی ئازادییە بۆ گەلی ئەمەریكا و دروستكردنی شوێنگەرەوەیەكی راستەقینەیە بۆ دامەزراوە كۆنە سیاسییەكان كە وا دەبینرێن لە خزمەتكردنی هاووڵاتییان شكستیان هێناوە.

دوێنێ ماسك لە لاپەڕەی خۆی لە تۆڕی ئێكس كە رۆژی سەربەخۆیی ئەمەریكا بوو نووسیبووی، رۆژی سەربەخۆیی كاتێكی نموونەییە بۆ ئەوەی بپرسین ئاخۆ ئێوە سەربەخۆییتان لە سیستمی دوو پارتەكە دەوێ، كە هەندێك بە سیستمی یەكپارتی دەزانن، ئاخۆ پێویستە پارتی ئەمەریكا دامەزرێنین؟



وشە - مه‌حموود ئیسماعیل