مۆسكۆ: گفتوگۆ لەگەڵ واشنتن بەردەوامە و سنووردار نەكراوە

:: AM:10:50:06/07/2025 ‌
گوتەبێژ بەناوی وەزارەتی دەرەوەی رووسیا رای گەیاند، تا ئێستە كاتێكی دیاریكراو بۆ جەولەی سێیەمی گفتوگۆكانی نێوان ئەمەریكا و رووسیا دیاری نەكراوە، بەڵام دووپاتی كردەوە كە گفتوگۆكانی نێوان هەردوو وڵات بەردوامە و سنووردار نەكراوە.

پێگەی "عەرەبیە" ئەمڕۆ یەكشەم شەشی تەمووز بڵاوی كردووەتەوە، ماریا زاخارۆڤا گوتەبێژ فەرمیی وەزارەتی دەرەوەی رووسیا رای گەیاند، تا ئێستە دوو جوولەی دیالۆكی ئەمەریكا و رووسیا بەڕێوە چووە كە باس لە پێوەندییەكانی هەردوو وڵات دەكرێت، دەبوو جەولەی سێیەمیش بەڕێوە بچێت، بەڵام ئەمەریكا دوای خستووە.

زاخارۆڤا ئاماژەی بەوەش كرد كە دەتوانم بڵێم تەواوی ئامانجەكانی گفتوگۆكان بەدی نەهاتووە، چونكە لە سەردەمی باراك ئۆباما و جۆ بایدن پێوەندییەكان زۆر خراپ بوون، بۆیە كاتی دەوێ تا پێوەندییەكان باشتر بكرێن و بەشێك لە كێشەكان چارەسەر بكرێن، جارێ كێشەی تریش ماون و پێویستیان بە چارەسەر هەیە.

دووپاتی كردەوە كە تا ئێستە كاتێكی دیاریكراو بۆ جەولەی سێیەم دیاری نەكراوە، بەڵام دیالۆگ لە نێوان باڵوێزخانەی رووسیا لە واشنتن لەگەڵ وەزارەتی دەرەوەی ئەو وڵاتە بەردەوامە، بۆیە پێوەندییەكانی رووسیا و ئەمەریكا بەردەوامییان هەیە.

زاخارۆڤا ئاماژەی بەوەش دا كە هەرگیز پێوەندییە دیپلۆماسییەكانی نێوان ئەمەریكا و رووسیا نەپچڕاوە، ئێستەیش بەراورد بە سەردەمی ئۆباما و بایدن، پێوەندییەكان لەگەڵ ئیدارەی ترەمپ بەرەو باشتر دەچن.

لە سێی ئەم مانگە "تەمووز" هەردوو سەرۆك دۆناڵد ترەمپ سەرۆكی ئەمەریكا و ڤلادیمێر پوتین سەرۆكی رووسیا، بۆ زیاتر لە سەعاتێك لە رێگەی تەلەفۆنەوە گفتوگۆیان كردووە، پێشتریش پێنج جاری تر بەهەمانشێوە قسەیان كردووە. زاخارۆڤا گوتی كە سەرۆكی رووسیا دووپاتی دەكاتەوە، مۆسكۆ ئامادەیە بۆ گفتوگۆ و دانوستان لەگەڵ ئەمەریكا.





وشە - وشیار ئه‌حمه‌د ئه‌سوه‌د