لەمدواییە و لە ماوەی 12 رۆژدا دەسەڵاتی ئێران لە وڵاتەكەی خۆیان، 300 هەزار پەنابەری ئەفغانییان دەركردووە، هەندێكیان بە ویستی خۆیان گەڕاونەتەوە وڵاتەكەیان، بەشێكی زۆریشیان بە زۆرەملێ لەو وڵاتە دەركراون، ئەمەیش كێشەی مرۆیی لە ئەفغانستان هێناوەتە كایەوە.
پێگەی "
عەرەبیە" ئەمڕۆ یەكشەم شەشی تەمووز بڵاوی كردووەتەوە، لە دەركردنی پەنابەرانی ئەفغان لە ئێران، ئاماژە بەوە دراوە كە ویلایەتی هیرات لە رۆژئاوای ئەفغانستان، رووبەڕووی 300 هەزار ئەفغانی بووە كە لە ئێران دەركراون و روویان لە ویلایەتەكە كردووە، ئەوەیش لە ماوەی 12 رۆژی دواییدا. ئەوەیش دەكاتە رۆژانە 35 هەزار پەنابەر كە زۆربەیان پێكدێن لە ژنان و منداڵان. ئەویش بەراورد بە مانگی رابردوو كە رۆژانە سێ هەزار ئەفغانیی پەنابەر لەو وڵاتە دەركراون.
ئەحمەدوڵا موتەقی سەرۆكی رۆشنبیری و راگەیاندن لە ویلایەتی هیرات بۆ میدیاكان گوتی، لە ماوەی 12 رۆژدا زیاتر لە 300 هەزار ئەفغانیی پەنابەر، لە ئێران و لە رێگەی رێڕەوی سنووریی ئیسلام قەلعە لە هیرات، گەیشتوونە وڵاتەكەیان، تەنیا لە رۆژی هەینیی رابردوو 38 هەزار پەنابەر لە ئێران دەركراون و گەیشتوونەتە ئەفغانستان، لەناو ئەو ژمایەیە 24 هەزاریان بە زۆرەملێ لەو وڵاتە و لەلایەن دەسەڵاتی ئێرانەوە دەركراون.
كۆمسیۆنی نەتەوە یەكگرتووەكان بۆ كاروباری پەنابەران، دڵەڕاوكێی قووڵی خۆی خستووەتەڕوو كە ناتوانن بەشێوەیەكی باش یارمەتیی ئەو ئەفغانییانە بدەن كە لە ئێران دەركراون. دوێنێ هۆشداریی دا لەوەی ئەو رووداوە تەنگژەیەكی مرۆیی لە ئەفغانستان دروست دەكات، چونكە ئەوان زۆرترینیان بێ شوێن و خۆراك و ئاو و خزمەتگوزاریی تەندروستی و بێكاری دەمێننەوە و پێویستیان بە یارمەتی هەیە.
ئەو كۆمسیۆنە لە بەیاننامەكەیدا دووپاتی كردووەتەوە، تیمەكانیان هەوڵی زۆر دەدەن یارمەتییان پێ بگەیەنن، بەڵام پێداویستییەكانی بەردەستیان بەرەو نەمان دەچێت، بۆیە لە هەوڵی ئەوەدان یارمەتی بۆ ئەو پەنابەرانە كۆ بكەنەوە كە لە ئێرانەوە بۆ ئەفغانستان دەركراون.
دواتریش نەتەوە یەكگرتووەكان ئاماژەی داوە كە گەڕانەوەی ئەفغانەكان لە ئێرانەوە بۆ وڵاتەكەیان ئەگەر بە ویستی خۆیان بێ یان بە زۆرەملێ، وڵاتەكە رووبەڕووی دۆخێكی ئەستەم دەكاتەوە، بۆیە هۆشداریی دا لەوەی ئەگەرێكی زۆرە لە چەند رۆژی داهاتوودا دۆخەكە لەوەی ئێستە خراپتر بێت و تەنگژەكەیش گەورەتر ببێتەوە.