لە دوای ئەوەی هەفتەی رابردوو وەزارەتی گەنجینەی ئەمەریكا سزای خستە سەر تۆڕێك كە كەسایەتییەكی عێراقی سەرپەرشتی دەكات و لە چەند كۆمپانیا و كەشتی و كەسایەتی پێك دێت، ئەوان لە 2020ەوە لە كڕین و گواستنەوەی نەوتی ئێران و فرۆشتنی راستەوخۆ و ناراستەوخۆ بە تێكەڵكردنی لەگەڵ نەوتی عێراق تۆمەتبارن، بە بەهای چەندان ملیار دۆلار، سەرچاوەیەك لە پەرلەمانی عێراق ئاماژە دەكات كە ئاراستەیەك هەیە بۆ كۆكردنەوەی واژوو بۆ مێوانداریكردنی وەزیری نەوتی عێراق لەبارەی تێوەگلانی وەزارەتەكەی لەو كارەدا.
سەرچاوەكە لە پەرلەمانی عێراق ئاماژەی كرد كە ژمارەیەك پەرلەمانتار دەیانەوێ واژوو كۆ بكەنەوە بۆ لێپرسینەوە لەگەڵ حەیان عەبدولغەنی وەزیری نەوت بەهۆی راپۆرتە ئەمەریكییەكان كە تۆڕێكی عێراقی و ئێرانی بە كڕینی نەوتی ئێران و فرۆشتنەوەی بە ناوی نەوتی عێراق تۆمەتبار دەكات، لێپرسینەوەی لەگەڵ بكرێت سەبارەت بە قەبارەی تێوەگلانی وەزارەتەكەی لە تۆڕەكە كە وەزارەتی گەنجینەی ئەمەریكا ئاشكرای كردووە، بەتایبەتی دوای هاتنی ناوی كارسازێكی عێراقی بە ناوی سالم ئەحمەد سەعید لە لیستی سزاكانەوە و بوونی گرێبەست و هاوبەشی جێگیركراو لەگەڵ ژمارەیەك دامەزراوەی عێراقی كە لە بواری هەناردن كار دەكەن.
ئەوە لەوكاتەی لیژنەی نەزاهەی پەرلەمانی رای گەیاند كە دەستی بە لێكۆڵینەوەیەكی فرەوان لەبارەی گرێبەست و دەستەوارەكانی پێوەندیدار بەو كەسە كردووە، بەتایبەتی گرێبەستی بەكرێگرتنی خەزانەكان لە بەندەری خۆر زوبێر و لێكۆڵینەوە لە گرێبەستەكان لەگەڵ كەشتییەكانی گواستنەوەی نەوت و خەزانە سەرئاوكەوتووەكان، جیا لە رۆڵی كۆمپانیای نەوتی سۆمۆ لەو كارەدا و ئەو بنەما یاساییانەی لەكاتی واژووكردنی رێككەوتنەكان پشتی پێ بەستوون.
سەرمەد شمەری توێژەری ئابووری وریایی لە كاریگەریی لێكەوتەكان ئەو دۆسیە لەسەر داهاتووی كۆمپانیای سۆمۆ دەدات دووپاتی كردەوە كە هەر تێوەگلانێكی راستەوخۆ یان ناراستەوخۆ لە ئاسانكردنی بەقاچاغفرۆشتنی نەوتی ئێران عێراق دەخاتە ژێر سزای توندەوە، چونكە كۆمپانیای سۆمۆ بڕبڕەی پشتی ئابووریی عێراقە و هەر گومانێك لە متمانەكەی ئەنجامی كارەساتباری دەبێت، لەوانە كەمبوونەوەی متمانەی وەبەرهێنەران و زیادبوونی خەرجیی بیمە و پاشەكشەكردنی كۆمپانیاكان لە مامەڵەكردن لەگەڵیدا، ئەوە لەوكاتەی ئێران بە بەردەوام ئامراز و میكانیزمەكانی بەقاچاغفرۆشتنی نەوتەكەی و خۆدزینەوە لە سزاكان پەرە پێ دەدات و عێراقیش یەكێكە لە رێڕەوە خوازراوەكانی ئەو بەقاچاغفرۆشتنە، جا لە لە رێگەی دەریایی یان داپۆشینی یاسایی بۆ بارە گوماناوییەكان.