بەپێی سەرچاوەكان بەمنزیكانە سوپای ئەمەریكا زنجیرەیەك گۆڕانكاری لە هێزەكانی لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست ئەنجام دەدات، بەرپرسێكی ئەمەریكی لە وەزارەتی بەرگریی ئەو وڵاتە ئاماژە دەكات كە سەرەڕای كەمكردنەوەی هێزەكانی ئەمەریكا لە ناوچەكە، بەڵام هێزێكی گەورەی سەربازی ئەو وڵاتە لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست جێگر دەبن.
بەپێی
سەرچاوەكان هێزی دەریاوانیی ئەمەریكا كەشتی بۆردمانكەری سۆلیفانی لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست دوور خستەوە، ئەگەری هەیە ژمارەیەك لە فڕۆكە جەنگییەكان لە بنكەی ئاسمانیی دیگۆ گارسیا لە زەریای هێمن كەم بكاتەوە، ئەو هەنگاوانەش پێوەندییان بە كەمبوونەوەی هەڕەشەكانی ئێران بۆ سەر ئیسرائیل و ناوچەكە هەیە.
شایەنی باسی مانگی رابردوو هاوكات لەگەڵ زیادبوونی هەڕەشەكانی ئێران و میلیشاكانی بۆ سەر ئیسرائیل و ناوچەكە، ئەمەریكا هێزێكی گەورە و ئامرازی زیاتری پێشكەوتووی جەنگی هێنایە ناوچەكە، لەوانە كەشتیی بۆردمانكەری سۆلیفان و فڕۆكەی بی 52، وەك پەیامێكی هەڕەشە بۆ ئێران و دڵنیاكردنەوەش بۆ هاوپەیمانەكانی، ئێستە دوای تەواوبوونی شەڕ و هەڕەشەكان پێویست بە بوونی ئەو ئامرازانە نەماوە.
ئێستە گفتوگۆیەكی زۆر لە ناو ئیدارەی ئەمەریكا سەبارەت بە پێویستیی مانەوەی هێزێكی زۆری ئەمەریكا لە ناوچەكە هەیە، بەتایبەتی لە لایەن پنتاگۆنەوە، ئێستە هێزێكی زۆری ئەمەریكا لەوێیە، ئەوەش بەهۆی گرنگیی ناوچەكە و ئەگەری زیادبوونی مەترسییەكان لەوێ، بەرپرسانی ئەمەریكا پێیان وایە ئێستە مەترسییەكان زۆر نین، بەڵام ناشكرێ بگوترێ هەموو شتێك كۆتایی هات و با بڕۆین، بۆیە كشانەوەی هێزە زیادەكات كاتی پێویستە، جیا لەوە ژمارەیەكی باشی هێزی سەربازی و ئامرازەكان لە ناوچەكە دەمێننەوە، چونكە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست زۆر سوپرایزی تیادا روودەدات و نازانرێت لە داهاتوو چی روودەدات.