لە ماوەی رابردوو چەند هێرشێكی درۆنی لە عێراق و هەرێمی كوردستان روویان دا، لە بەغدا و سەڵاحەدین و هەولێر و سلێمانی و كەركووك، شارەزایەك ئاماژە دەكات ئەوەی روودەدات پێشێلكارییەكی زەقی سەروەریی عێراقە و یارییەكی وڵاتانی ناوچەكەیە.
غالب دەعمی توێژەری سیاسی پێی وایە ئەو هەڕەشە دووبارەبووانە و هێرشەكانی دوایی كە چەند ناوچەیەكی گرنگیان كردە ئامانج، بوونی بەرنامەیەكی رێكخراو ئاشكرا دەكەن بۆ شێواندنی ئاسایشی هەرێمی كوردستان، كە ئەو كارانە سەركۆنەكراون، ئەو هێرشانە لەوەی لە ناوچەكە روودەدات بەدەر نین، رەنگە بەشێك بن لە هەوڵێكی بەمەبەست بۆ لابردنی چاوەكان لەسەر لێكەوتەكانی شەڕی ئیسرائیل و ئێران لە رێگەی دروستكردنی بابەتی ناوخۆیی لە عێراق، چاوەكان لەسەر هۆكاری راستەقینەی ململانێكان و كاریگەرییەكانی لابدات.
دەعمی روونی كردەوە، ئەو شێوازی هەندێك لایەنی ناوچەكە مامەڵەی لەگەڵ خاكی عێراق پێوە دەكەن، بەتایبەتی ئێران، كە پێشتریش لە رێگەی بۆردمانكردنی هەولێر دووبارە بووبووەوە و بووە هۆی گیانلەدەستدانی هاووڵاتییان، دوای هێرشەكە ئێران پاشگەز بووەوە و داوای لێبوردنی كرد، ئەوە بەرجەستەی سووكایەتیكردن بە سەروەریی عێراق و پیرۆزیی خوێنی عێراقییەكان دەكات.
دەعمی دووپاتی كردەوە كە هەر تۆمەت و گومانێكی تەناهی پێویستە لە رێگەی دیپلۆماسی و فەرمی لەگەڵ حكوومەتی عێراق بخرێتە روو، نەك لە رێگەی هێرشی سەربازی كە هیچ شەرعیەتێكی نییە و زیان بە ئاشتەوایی كۆمەڵگەیی دەگەیەنێت، بۆیە بێدەنگی بەرانبەر بەو دەستدرێژیانە هاندانە بۆ دووبارەبوونەوەیان و پێویستە دەوڵەتی عێراق سنوورێكیان بۆ دیاری بكات لە رێگەی دووپاتكردنەوەی كە هەر بستێكی خاكەكەی هیڵی سوورە و رێگە بە پێشێلكردنی نادرێت.