لەوكاتەی بڕیارە لە ماوەی ئەم هەفتەیە پرۆسەی ئاشتی لە توركیا هەنگاوێكی تر بچێتە پێشەوە و ژمارەیەك لە چەكدارانی پەكەكە لە رێوڕەسمێك لە سلێمانی چەك دابنێن، دەم پارتی رای گەیاند كە چاوەڕوانی پەیامێكی نوێی عەبدوڵا ئۆجەلان سەرۆكی گیراوی پەكەكەن، ئەمڕۆ شاندی ئیمراڵی سەردانی ئۆجەلانیان كرد و پەیامێكی ئەویان گواستەوە، بەر لە كۆبوونەوەی سبەی شاندی حزبەكە لەگەڵ سەرۆكی توركیا.
ئەمڕۆ یەكشەم دەم پارتی لە دوای سەردانی شاندەكەی بۆ ئۆجەلان راگەیەندراوێكی بڵاو كردەوە، شاندەكە ئاماژەی كردووە كە ئۆجەلان گوتوویەتی، پرۆسەی چارەسەری گەیشتووەتە قۆناغێكی نوێ و بەرپرسیاریەتیی هەموو لایەكە هەوڵی سەرخستنی بدەن.
شاندی ئیمراڵیی دەم پارتی سەردانی عەبدوڵا ئۆجەلانیان لە گرتووخانەی ئیمراڵی كرد، شاندەكە لە پەروین بوڵدان و میتحەت سانجار پەرلەمانتارانی پارتەكە و فایەق ئۆزگور ئەرۆل پارێزەری ئۆجەلان پێك هاتبوو، بەپێی شاندەكە لە دیدارەكە ئۆجەلان گوتوویەتی، پرۆسەی چارەسەری گەیشتووەتە قۆناغێكی نوێ و بەرپرسیاریەتی لە ئەستۆی هەموواندایە پاڵپشتی لە هەنگاوەكانی دواتری بكەن.
عەبدوڵا ئۆجەلان دەربارەی گرنگی كۆبوونەوەی سبەی دووشەمی شاندی دەم پارتی و سەرۆك كۆماری توركیا گوتوویەتی، كۆبوونەوەكە مێژوویی دەبێت و دووپاتی لەوە كردەوە كە ئەو كۆمسیۆنەی بڕیارە لە پەرلەمانی توركیا دابمەزرێت، رۆڵێكی سەرەكی لە ئاراستەی ئاشتی و چارەسەریدا دەگێڕێت.