لەوكاتەی هەژموونی ئەمەریكا بەتەواوەتی بەسەر رۆژهەڵاتی ناوەڕاست زاڵە و ئیدارەی رووداوەكان دەدات و ململانێی ئیسرائیل و ئێران و بەرەی موقاوەمەی بردە ناو ماڵی ئێران و خۆشی بەشداریی لە هێرشەكانی سەر دامەزراوە ئەتۆمییەكانی ئەو وڵاتە كرد، توێژەرێك پێی وایە گۆڕانكارییەكانی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست بەرەو نەمانی چەكی نافەرمی و هەڵوەشانەوەی میلیشیاكان دەچێت.
هبە فەدعەم توێژەر لە كارەباری رۆژهەڵاتی ناوەڕاست دووپاتی كردەوە كە ناوچەكە بە گۆڕانكاریی گەورە و ستراتیجیدا تێپەڕ دەبێت و هێزە نێودەوڵەتی و ناوچەییەكان بەرەو بەسفركردنی بوونی میلیشیاكان هەنگاو دەنێن، جا چ ئەوانەی نیوچە پێوەندییەكیان بە دەوڵەتەوە هەیە یان لە دەرەوەی دەسەڵاتی دەوڵەت كار دەكەن.
روونی كردەوە، دید و پلانی ئەمەریكا لە ناوچەكە لەوەی ئیسرائیل جیاواز نییە و هەردووكیان لە ئامانجێكی روون یەكتر دەبڕن، كە بریتییە لە داماڵینی ناوچەی عەرەبی لە هێزە چەكدارە نافەرمییەكان، هەرچی میلیشیا عێراقییەكانە، سەرەڕای راگەیاندنی هەندێكیان بەوەی بەشێكن لە دەوڵەت، بەڵام لێدوانە دژبەیەكەكانی ئەوان و حكوومەت لەوبارەوە قەبارەی جیاوازی رەوتەكانیان پێشان دەدات، ئەوەی لە سووریا و لبنان رووی دا نموونەیەكی روونە بۆ پاشەكشەكردنی رۆڵی میلیشیاكان و چوونەوەیەكیان، لەوكاتەی پێشبینی دەكرێت دۆسیەی حوسییەكان لە داهاتوو پاكتاو بكرێت لە رێگەی دوورخستنەوەیان لەسەر گۆڕەپانی سیاسی و سەربازیدا.
فەدعەم دووپاتی كردەوە كە ئەو گوشارە داراییەی ئێستە لەسەر میلشیاكانە بەدەر نییە لە رێنوێنیی ناوچەكە و دنیا بە مەبەستی وشككردنەوەی سەرچاوەی داراییان، بەتایبەتی لە سایەی وابەستەییان بە ئێرانەوە، ئەوان وەك درێژكراوەیەكی ئێران لە ناوچەكە حسێب دەكرێن، ئەوەش هۆكاری سیاسەتە توندە نێودەوڵەتییەكەی لەگەڵیان، بۆیە ناوچەكە بەرەو قۆناغێكی نوێ دەچێت، تیایدا چەكی دەرەوەی دەسەڵاتی دەوڵەت بەرەو نەمانە لە رێگەی لێكهەڵوەشانەوە یان شوێنكردنەوە لە ریزی هێزە فەرمییەكان لە چوارچێوەی پلانێكی فرەوانی ناوچەكە كە نەخشەی دەسەڵات و هێز لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست دادەڕێژێتەوە.