لەوكاتەی بڕیارە سبەی دووشەم بنیامین نەتنیاهۆ سەرۆك وەزیرانی ئیسرائیل لە واشنتن لەگەڵ دۆناڵد ترەمپ سەرۆكی ئەمەریكا كۆببێتەوە و باسی چەند پرسێكی گرنگ بكەن، لەوانە شەڕی غەزە و ئێران و سووریا، ئەمشەو دەستەی پەخشی ئیسرائیل رای گەیاند كە گەڕێكی گفتوگۆی ناراستەوخۆی حەماس و ئیسرائیل لە دۆحەی پایەتەختی قەتەر سەبارەت بە رێككەوتنی ئاگربەست دەست پێ دەكات.
ئێوارەی ئەمڕۆ یەكشەم
دەستەی پەخشی ئیسرائیلی بڵاوی كردەوە كە ئەمڕۆ شاندی گفتوگۆكاری ئیسرائیل گەیشتووەتە قەتەر بە مەبەستی گفتوگۆكردن لەگەڵ بزووتنەوەی حەماس سەبارەت بە رێككەوتنی ئاگربەست و ئازادكردنی بارمتە و گیراوان لە نێوان هەردوولا.
ئەو گفتوگۆیەی هەردوولا دوای ئەوە دێت كە لە ماوەی ئەو چەند رۆژەی رابردوو هەریەك لە ئیسرائیل و حەماس بە پێشنیازێكی ئەمەریكی بۆ ئاگربەستێكی 60 رۆژە لە كەرتی غەزە رازی بوون، لەو ماوەیە بەشی زۆری بارمتەكانی ئیسرائیل لە بەرانبەر ژمارەیەك گیراوی فەلەستینی و رێگەدان بە هاتنی یارمەتییە مرۆییەكان بۆ كەرتەكە ئازاد دەكرێن.