مانگی رابردوو ئیسرائیل هێرشێكی فرەوانی ئاسمانی كردە سەر ئێران، جیا لە بۆردمانكردنی ئامانجە سەربازی و مووشەكییەكانی ئەو وڵاتە، دەیان فەرماندەی باڵای سوپای پاسداران و زانای ئەتۆمی كوشت، سەرۆكی ئێران دووپاتی كردەوە كە ئیسرائیل هەوڵی كوشتنی ئەوی داوە، بەڵام شكستی هێناوە.
مەسعوود پزیشكیان سەرۆكی ئێران لە دیدارێكی لەگەڵ تاكر كارلسن میدیاكاری ئەمەریكی كە ئەمڕۆ دووشەم بڵاو كرایەوە گوتی، بەڵی ئیسرائیل هەوڵی كوشتنی منی دا، بەڵام سەرنەكەوت، ئەمەریكا لەپشت هەوڵەكە نەبوو، بەڵكو ئیسرائیل بوو، من لە كۆبوونەوەیەك بووم و ئەوان هەوڵیان دا ناوچەی كۆبوونەوەكە بۆردمان بكەن، ئیسرائیل بوو، بەڵام سەرۆكی ئێران كاتی هەوڵەكەی دیاری نەكرد ئاخۆ لە كاتی شەڕی دوایی ئاسمانیی هەردوو وڵات بوو یان نا.
روونی كردەوە، من لە قوربانیدان لەپێناو بەرگریكردن لە وڵات و پاراستنی سەروەریی وڵاتەكەم ناترسم، ئامادەم قوربانی بە ژیانی خۆم بدەم لەپێناو وڵاتەكەم، بەڵام ئاخۆ ئەوە ئاسایش و ئارامی بۆ ناوچەكە دێنێت؟، پزیشكیان دووپاتی كردەوە كە هیچ كێشەیەك لە دەست پێكردنەوەی گفتوگۆكان لەگەڵ واشنتن لەبارەی بەرنامەی ئەتۆمی نییە.
پزیشكیان دووپاتی كردەوە كە بۆ دەست پێكردنەوەی گفتوگۆ مەرجێك هەیە، ئەویش دەبێت ئەمەریكا گەرەنتی بدات بەوەی رێگەن نەدات جارێكی تر ئیسرائیل هێرشمان بكاتەوە سەر، دووپاتی كردەوە كە هیچ كێشەیەك لە گەڕانەوە بۆ گفتوگۆكان نییە و دۆناڵد ترەمپی هاوتاكەی توانای سەركردایەتیكردنی ناوچەكەی و دنیا بەرەو ئاشتی و ئارامی یان شەڕێكی بێكۆتایی هەیە.