لە دوای رێككەوتنی ئاگربەستی ئیسرائیل و ئێران، حوسییەكانی یەمەن چەند جارێك بە مووشەكی دوورمەودا هێرشیان كردە سەر ئیسرائیل و بەڵێنی بەردەوامبوونیان لەو كارە دا، بەرەبەیانی ئەمڕۆ دووشەم فڕۆكە جەنگییەكانی ئیسرائیل هێرشیان كردە سەر حوسییەكانی یەمەن و بەندەر و دامەزراوەكانی ئەو وڵاتەیان بۆردمان كرد، وەزیری بەرگریی ئیسرائیل رای گەیاند دەبێت حوسییەكان بە هاوشێوەی ئێران باجی كارەكانیان بدەن.
ئەمڕۆ دووشەم
یسرائیل كاتس وەزیری بەرگریی ئیسرائیل هەڕەشەی ئەنجامدانی هێرشی زیاتری بۆ سەر حوسییەكان كرد و لە بەیاننامەیەك گوتی، ئەوەی بەسەر ئێران جێبەجێ دەبێت بەسەر حوسییەكانیش جێبەجێ دەبێت، هەر لایەنێك دەست بۆ ئیسرائیل درێژ بكات دەستی دەبڕین، بۆیە حوسییەكان لە بەرانبەر كارەكانیان باجەكەی دەدەن.
دوێنێ حوسییەكانی یەمەن لە رێگەی مووشەك و پاپۆڕی بچووكی بۆمبڕێژكراوەوە هێرشیان كردە سەر كەشتییەك لە دەریای سوور و سووتاندیان، راستەوخۆ پەنجەی تاوان بۆ حوسییەكان درێژ كرا، ئەوەش ئەگەری دەست پێكردنەوەی هەڵمەتێكی ئەمەریكی و رۆژئاوایی بۆ سەر ئەوان زیاتر دەكات، كە لە چەند مانگی رابردوو دەیان هێرشی ئاسمانیان كردە سەر بەندەر و ئامانجە نەوتی و سەربازییەكانیان.
بەرەبەیانی ئەمڕۆ دووشەم فڕۆكە جەنگییەكانی ئیسرائیل بەندەرەكانی حودەیدە و رەئس عیسا و سلێفیان بۆردمان كرد، جیا لە وێستگەیەكی بەرهەمهێنانی كارەبا لەی رەئس كەسیب، لە بەرانبەر ئەو هێرشەی ئیسرائیل حوسییەكان بە درۆن و مووشەكی دوورمەودا ئیسرائیلیان بۆردمان كرد.