ئەمەریكا پۆلێنی دەستەی تەحریری شام لە پۆلێنی تیرۆر هەڵدەوەشێنێتەوە

:: PM:07:02:07/07/2025 ‌

لە دوای رووخانی رژێمی بەشار ئەسەد لە كۆتایی 2024، بەتایبەتی لە دوای هاتنی دۆناڵد ترەمپ سەرۆكی ئەمەریكا بۆ كۆشكی سپی لە سەرەتای ئەمساڵ، مامەڵكردنی ئەمەریكا لەگەڵ سووریا و ئیدارە نوێیەكەی بە تەواوەتی گۆڕا، دۆناڵد ترەمپ سەرۆكی ئەمەریكا لە ریاز چاوی بە ئەحمەد شەرع سەرۆكی قۆناغی كاتیی ئەو وڵاتە كەوت و تەواوی سزا ئابوورییەكانی سەر دیمەشقی لابرد، ئەمڕۆ هاتە راگەیاندن كە دەستەی تەحریری شامی لە پۆلێنی رێكخراوە تیرۆریستییەكان دەرهێناوە.

وەزارەتی دەرەوەی ئەمەریكا رای گەیاند پۆلێنكردنی بەرەی نوسرە، كە ئێستە بە ناوی دەستەی تەحریری شام ناسراوە، وەك رێكخراوێكی تیرۆریستی هەڵوەشاندووەتەوە، ئەو بڕیارە لە 23ی حوزەیرانی رابردوو دەرچووە و ئەمڕۆ دووشەم ئاشكرا كراوە.

بەپێی بەیاننامەیەكی وەزارەتی دەرەوەی ئەمەریكا بڕیارەكە بە راوێژ لەگەڵ داواكاری گشتی و وەزیری گەنجینەی ئەمەریكا وەرگیراوە و پۆلێنی بەرەی نوسرە وەك رێكخراوێكی تیرۆریستی هەڵوەشاوەتەوە، ئەو بڕیارەش لە ساتی بڵاوكردنەوەی لە تۆماری فیدراڵی جێبەجێ دەبێت، كە لە 23ی حوزەیرانی رابردوو لە لایەن ماركۆ رۆبیۆ وەزیری دەرەوەی ئەمەریكا واژوو كراوە.  

شایەنی باسە ئەمەریكا لە كانوونی یەكەمی 2012 بەفەرمی بەرەی نوسرەی وەك رێكخراوێكی تیرۆریستیی بیانی پۆلێن كرد، خستییە ناو لیستی سزاكانی وەزارەتی گەنجینەی ئەمەریكی، دوای ئەوە وەك رێكخراوێكی سەر بە رێكخراوی قاعیدە ئەوی پۆلێن كرد، ئەوكات وەزارەتی دەرەوەی ئەمەریكا رای گەیاند كە بەرەی نوسرە رووكەشی رێكخراوی قاعیدەیە لە عێراق، لە رووەكانی پاڵپشتیی دارایی و مەشق و پلانی كاری تیرۆریستی لە سووریا بەوەوە بەستراوەتەوە، لەوكاتەی بەرەی نوسرە لە 2011 لە دوای هەڵگیرسانی راپەڕینەكەی سووریا لە دژی رژێمی بەشار ئەسەد وەك لقی سووریای رێكخراوی قاعیدە بە سەركردایەتیی ئەبو محەمەد جۆلانی ئەحمەد شەرعی ئێستە دامەزرا.



وشە - مه‌حموود ئیسماعیل