بەغدا و هەسەدە لەسەر چۆڵكردنی كەمپی هۆل رێك دەكەون

:: PM:07:20:07/07/2025 ‌

كەمپی هۆل وەك سەرئێشەیەك بۆ عێراق ماوەتەوە، بەتایبەتی لە دوای رووخانی رژێمی بەشار ئەسەد، ترس لەوە هەیە ئەو داعشانەی لەوێ بەهەر هۆكارێك بێت ئازاد ببن و دزە بكەنە ناو عێراق، واتە عێراق كەمپەكە بە كارتێكی دەزانێت نەك تەنیا لای هەسەدە، بگرە لای حكوومەتی نوێی سووریاش، بۆیە بەغدا و هەسەدە لەسەر چۆڵكردنی كەمپەكە رێك كەوتوون.

چەند سەرچاوەیەكی عێراقی باسی ئەوە دەكەن كە عێراق و هەسەدە لە رێگەی هاوپەیمانیی نێودەوڵەتی و ئەمەریكاوە بە رێككەوتنێكی نوێ گەیشتوون بۆ خێراكردنی پرۆسەی گەڕاندنەوەی تەواوی خێزانە عێراقییەكان لە كەمپی هۆل، كە كەوتووەتە ژێر كۆنترۆڵی هەسەدە لە شاری حەسەكە لە باكوری رۆژهەڵاتی سووریا. 

باسر وتوت پەرلەمانتاری عێراق دەڵێت، بەپێی رێككەوتنەكە مانگانە دوو گەشت بۆ گواستنەوەی خێزانە عێراقییەكانی كەمپەكە بەرەو كەمپی جەدعە لە پارێزگای نەینەوا رێك دەخرێت، ئەوەش لە دوای تەواوبوونی لێوردبوونەوەی تەناهی، بە مەبەستی خێراكردنی گەڕاندنەوەی خێزانە عێراقییەكانی كەمپەكە، كە مەترسی و هەڕەشەیەكی گەورەیە بۆ سەر تەناهیی ناوخۆیی عێراق، بۆیەش حكوومەتی عێراق گرنگییەكی گەورە بە كۆتاهێنانی ئەو كەمپە دەدات، بەتایبەتی لە دوای گۆڕانكارییەكانی دوایی لە سووریا.

لای خۆیەوە سەفا ئەعسەم راوێژكاری پێشووی سەربازی لەوبارەوە دەڵێت، تا ئێستەش عێراق كەمپی هۆل بە بۆمبێكی چێنراو دادەنێت و بە هەموو تواناكانی كار بۆ لێكهەڵوەشانەوەی ئەو بۆمبە دەكات، بۆیە پرۆسەی گەڕاندنەوەی عێراقییەكان خێرا دەكات و رێككەوتنی ئێستەش بۆ خێراكردنی گواستنەوەی ئەوانە، گۆڕانكارییەكانی سووریا، بەتایبەتی تەناهی، مەترسییەكانی عێراقی زۆر زیاتر كرد.  



وشە - مه‌حموود ئیسماعیل