لە دیمەنێك هەموو هاوینان لە عێراق دووبارە دەبێتەوە، ئەمڕۆ دانیشتووانی شارۆكەی شەتولعەرەب لە رۆژهەڵاتی بەسرە خۆپێشاندانێكی گەورەی ناڕەزایەتییان لە دژی قووڵبوونەوەی تەنگژەی كەمئاوی لە ناوچەكەیان ساز كرد، بە شێوەیەك دەڵێن ئەو ئاوەی دەگاتە ماڵەكانیان تەنانەت بە كەڵكی جلشۆرینیش نایەت.
میدیاكانی عێراق بڵاویان كردەوە كە خۆپێشاندەران چەندان دروشمی ناڕەزایەتییان لە دژی حكوومەتی عێراق بە فەرامۆشكردنی پارێزگەكەیان بەرز كردەوە كە بەشی زۆری داهاتی بودجەی عێراق دابین دەكات، ئەوان داوای ئاوی خواردنەوە و شیاو بۆ بەكارهێنانی مرۆییان كرد، هاوكات حكوومەتی بەغدایان بە كەمتەرخەمی و پشتگوێخستنیان تۆمەتبار كرد.
لای خۆیەوە
مەهدی تەمیمی بەڕێوەبەری نووسینگەی مافی مرۆڤ لە بەسرە داوای بەكارەساتبارناساندنی شاری بەسرەی كرد و وریایی لەوە دا كە تەنگژەكە سنوورە قبووڵكراوەكانی مرۆیی و بژێوی تێپەڕ كردووە، دووپاتی كردەوە كەمیی ئاو و زیادبوونی رێژەی سوێری و هەرەسهێنانی تۆڕی پاڵاوتنی ئاو، بووەنەتە هەڕەشە بۆ سەر گیانی سەتان هەزار كەس، بەتایبەتی لەو شارۆكانەی كەوتوونەتە سەر رێڕەوی رووباری شەتولعەرەب، ئەو داوای لە بەغدا كرد بە وەرگرتنی رێوشوێنی بەپەلە و ریشەیی لەبری تەنیا بەڵێندان.
ریشەی تەنگژەی كەمئاوی و سوێری لە بەسرە بۆ كەمبوونەوەی ئاوی هەردوو رووباری دجلە و فورات دەگەڕێتەوە، بەتایبەتی لە شەتولعەرەب، كە وای كردووە زمانەی خوێیی لە كەنداوەوە بەرەو قووڵایی پارێزگاكە درێژ ببێتەوە، ئەوە سەرەڕای چەندان پڕۆژەی بەشیرینكردن و پاڵاوتنی ئاوی رووبارەكان لە ساڵانی رابردوو، كە زۆرینەیان تەواو نەكران، بۆیە چالاكان حكوومەتی بەغدا و نوێنەرانی پارێزگاكە لە پەرلەمانی عێراق بە كەمتەرخەمییەكی بەمەبەست تۆمەتبار دەكەن و ئاماژە دەكەن كە ئەو بابەتە بە رژدی لە بەغدا باس ناكرێت تەنیا لە دوای ناڕەزایەتیی گەورە نەبێت، شارەزایان پێیان وایە وەڵامنەدانەوەی بەپەلەی خەڵكەكە وا دەكات پەنا بۆ پەرەسەندنی فرەوانی جەماوەری ببەن، بەتایبەتی كە پلەكانی گەرما لە هاوین لەبەرزبوونەوەدایە.