سەرچاوەیەكی ئێرانی: ئیسرائیل هەوڵی هەڵگیرسانی شەڕێكی تر لە دژی ئێران دەدات

:: PM:09:51:07/07/2025 ‌

ئەمڕۆ دووشەم بنیامین نەتنیاهۆ سەرۆك وەزیرانی ئیسرائیل لە سەردانێكە لە واشنتن، ئەو لەگەڵ دۆناڵد ترەمپ سەرۆكی ئەمەریكا چەند دۆسیەیەك تاوتوێ دەكەن، لەوانە ئێران و بەرنامە ئەتۆمییەكەی، بەپێی سەرچاوەكان نەتنیاهۆ هەوڵی وەرگرتنی گەرەنتی لە ترەمپ دەدات بە ئازادی جووڵانەوەی لە دژی ئێران لە حاڵەتی پەرەپێدانی بەرنامە ئەتۆمی و مووشەكییەكانی، سەرچاوەیەكی ئێرانیش ئاماژە دەكات ئیسرائیل هەوڵی هەڵگیرسانی شەڕێكی تر لە دژی ئێران دەدات.

كەناڵی "پرێس تی ڤی" لە سەرچاوەیەكی ئاگەداری ئێرانی گواستەوە كە تاران هەڵسەنگاندن بۆ دیداری ترەمپ و نەتنیاهۆ لە واشنتن دەكات، بەو پێیەی بەردەوامیی دیدارەكانە بۆ هاوئاهەنگیكردن بە مەبەستی پەرەسەندنی سەربازی لە دژی ئێران، بۆیە ئێران لە حاڵەتێكی خۆسازدانە بۆ هەر هێرشێكی گریمانكراوی ئیسرائیل.

روونی كردەوە، پێمان وایە ئەو دیدارە لە دیدارەكەی پێشوو بەر لە هێرشەكەی مانگی رابردووی ئیسرائیل جیاواز نییە، ئەوان پێشوەختە لەسەر هەموو شتێك رێك كەوتوون و روونە كە ئیسرائیل هەوڵی شەڕ دەدات و پێشمان وا نییە ترەمپ بەوە ناڕازی بێت، هاوكات لێدوانەكانی دوایی ئەمەریكا بە گەڕانەوە بۆ سەر مێزی گفتوگۆ لەگەڵ دۆخەكە لە واقیعدا ناگونجێت، ئەگەر ترەمپ وا بزانێت دەتوانی هێرشمان بكاتە سەر و دوای ئەوە داوای رێككەوتنی دیپلۆماسیمان لەگەڵدا بكات ئەوە ئەو گفتوگۆكارێكی كارامە نییە، تا ئێستە هیچ ئاماژەیەكی راستەقینەمان بۆ گۆڕانی ئاكاری واشنتن بەدی نەكردووە.

ئەمڕۆ مەسعوود پزیشكیان سەرۆكی ئێران دووپاتی كردەوە كە بۆ دەست پێكردنەوەی گفتوگۆ لەگەڵ واشنتن مەرجێك هەیە، ئەویش دەبێت ئەمەریكا گەرەنتی بدات بەوەی رێگە نەدات جارێكی تر ئیسرائیل هێرشمان بكاتەوە سەر، دووپاتی كردەوە كە هیچ كێشەیەك لە گەڕانەوە بۆ گفتوگۆكان نییە و دۆناڵد ترەمپی هاوتاكەی توانای سەركردایەتیكردنی ناوچەكەی و دنیا بەرەو ئاشتی و ئارامی یان شەڕێكی بێكۆتایی هەیە.



وشە - مه‌حموود ئیسماعیل