تا ئێستە زیانەكانی ئێران بەهۆی هێرشە ئاسمانییەكەی 13ی مانگی رابردووی ئیسرائیل بۆ سەر ئێران بەتەواوەتی دیار نییە، ئیسرائیل دەڵێت دەیان فەرماندەی باڵای سوپای پاسداران و زانای ئەتۆمی كوشتووە، جیا لە بۆردمانكردنی دەیان و سەتان ئامانجی تری سەربازی و تەناهی و مووشەكی و ئەتۆمی، ئەمەریكاش لە 22ی مانگی رابردوو سێ وێستگەی ئەتۆمیی ئێرانی بۆردمان كرد، كە رەنگە هەموو ئەوانە زیانی گیانیان لەگەڵدا بووبێت، كۆمەڵەیەكی ئێرانی دوایین ئاماری كوژراوانی ئێران لەو شەڕە رادەگەیەنێت.
ئێوارەی ئەمڕۆ دووشەم سەرۆكی كۆمەڵەی جەنگاوەرە كۆنەكانی ئێران لە دیدارێك لەگەڵ تەلەڤزیۆنی فەرمیی ئێران ئاشكرای كرد كە ژمارەی كوژراوانی ئێران بەهۆی هێرشەكەی مانگی رابردووی ئیسرائیل كە 12 رۆژی خایاند گەیشتووەتە هەزار و 60 كەس.
سەعید ئاو هادی سەرۆكی كۆمەڵەی جەنگاوەرە كۆنەكانی ئێران روونی كردەوە، تا ئەمشەو تەرمی هەزار و 60 كوژراومان لە تەواوی ئێران ناشتووە.
ئەمڕۆ یەحیا رەحیم سەفەوی راوێژكاری عەلی خامنەیی رابەری باڵای شۆڕشی ئێران رای گەیاند، ئێران لە شەڕی لەگەڵ ئیسرائیل سەركەوتوو بووە، ئێران ئامادەیە بۆ رووبەڕووبوونەوەی هەر پلانێكی ئیسرائیل و لە ماوەی 12 رۆژی شەڕەكە بەشێكی زۆری هێزەكانمان بەكار نەهێناوە، ئێران بە هەزاران مووشەك و درۆنی بەرهەم هێناوە و شوێنی هەڵگرتیان زۆر بەباشی پارێزراون.