لە ماوەی دوایی میلیشیاكان لە عێراق زنجیرە هێرشێكیان ئەنجام دا، لەوانە بۆ سەر هەرێمی كوردستان و بەغدا و پاڵاوگەی بێجی، ئەگەرچی وەك لایەنی فەرمی عێراق بێدەنگە، بەڵام شارەزایان پێیان وایە ئەوەی لە عێراق دەگوزەرێت یارییەكی ئێرانییە و مەبەستی خۆی هەیە، شارەزایەك ئاماژە دەكات كە لە دوای كۆتاهاتنی شەڕی لەگەڵ ئیسرائیل و بەر لە چوونی بۆ سەر مێزی گفتوگۆ، تاران دەستی بە جووڵاندنی میلیشیاكانی لە ناوچەكە كردووە.
موهەنەد عەزاوی شارەزای سەربازی و سیاسی پێی وایە ئێران دەستی بە جووڵاندنەوەی كارتەكانی لە ناوچەكە كردووە لە دوای لاوازبوونی پێگەكەی لە گفتوگۆكان، بەتایبەتی لە دوای هێرشی سەر دامەزراوە ئەتۆمییەكانی، بۆیە چەكی دەستی میلیشیاكان تەنیا وەك تەحەدایەك بۆ دەوڵەت نییە، بەڵكو بووەتە كارتێك لە گفتوگۆكان تاران بۆ هاوسەنگكردنی گوشارە سێ سەرییەكەی ئەمەریكا بەكاری دێنێت، واتە بەرنامەی ئەتۆمی و مووشەكی و پاڵپشتی لە میلیشیاكان.
لەوكاتە تێبینیی ئەوە دەكرێت هاوكات لە لبنان حزبوڵا رەتی كردەوە چەكەكانی بداتەوە دەوڵەت و لە یەمەنیش حوسییەكان دەستیان بە هێرشەكانیان بۆ سەر كەشتییەكان كردەوە، عەزاوی روونی كردەوە، ئەوەی حوسییەكان لە دەریای سوور دەیكەن تەنیا سەرقاڵكردنی نەیارەكانە لە سەرنجخستنە سەر ناوەندی سەرەكیی قورساییەكە كە تارانە لە رێگەی هێرشێكی تر.
عەزاوی ئاماژەی كرد كە سەرەڕای ئەو هەوڵانە حزبوڵای لبنانی هاتە راماڵین و غەزە وێران كرا و توانای میلیشیاكان لە عێراق و یەمەن سنووردارە، ئەو گۆڕانكارییەش وای لە تاران كرد كە هەوڵی پارێزگاریكردن لە دەسەڵاتی سیاسی بدات لەبری خۆخستنە سەركێشیی سەربازییەوە.
ئەو شارەزایە پێی وایە سەردانەكەی سەرۆك وەزیرانی ئیسرائیل بۆ واشنتن یەكلاكەرەوە بێت لە دیاریكردنی رووخساری قۆناغی داهاتوو، جا لە رێگەی راكێشانی ئیدارەی ترەمپ بۆ پەرەسەندنێكی كۆنترۆڵكراو یان بەهێزكردنی رەوتی گفتوگۆ لەگەڵ تاران بەپێی مەرجی قورستر.
بەگشتی ترەمپ باوەڕی بە دۆڕان نییە و هەوڵی سەپاندنی رێككەوتنێكی نوێی ئەتۆمی لەگەڵ ئێران بە زەبری هێز دەدات ئەگەر پێویست بكات، ئەوە تا ئەوكاتەی ئامرازەكانی بەرپەرچدانەوە هێشتا كاریگەرییان بەدیار نەكەوتووە.