موراد ساعیدی بەڕێوەبەری راگەیاندنی وەزارەتی دادی عێراق رای گەیاند، لە پێناو بەرجەستەكردنی پێوەرە مرۆییەكان و مامەڵەكردن لەگەڵ گیراوانی منداڵ و مێرمنداڵ، بڕیار دراوە بە دروستكردنی گرتووخانەیەكی گەورە و سەردەمییانە.
گوتیشی، شوێنی چاكسازییەكە دەكەوێتە ئەبوغرێبی نزیك بەغدا و لەسەر رووبەری 30 دۆنم زەویی جێبەجێ دەكرێت.
لە چاكسازییەدا كچان و كوڕان لە یەك جیا دەبن و بەشێكی دەكرێتە دادگایەكی تایبەت، بەشێكیشی بنكەیەكی پۆلیسی تێدا دەكرێتەوە لەگەڵ ناوەندێكی توێژینەوە، شوێنی وەرزش و راهێنانەوەی دەروونی و كۆمەڵایەتیی تێدایە، بەچڕیی كار لەسەر پەروەردەكردنەوەی گیراوانی منداڵ و مێرمنداڵ دەكرێـتەوە، تا دوای تەواوكردنی سزاكانیان، بتوانن تێكەڵ بە كۆمەڵگە بكرێنەوە.
بەپێی راپۆرتی رێكخراوەكان، عێراق یەكێكە لە خراپترین ئەو وڵاتانەیە كە گیراوەكانی لە دۆخێكی دەرونی خراپدان، گرتووخانەكانیشی هیچ پێوەرێكی گرتووخانەی سەردەمییان تێدا نییە، هاوكات بەپێی راپۆرتی رێخراوەكان زۆرترین منداڵ و مێردمنداڵ لە گرتووخانەكانی عێراقدان.