ئیسرائیل كوژران و برینداربوونی ژمارەیەك لە هێزەكانی رادەگەیەنێت

:: AM:09:58:08/07/2025 ‌
سوپای ئیسرائیل ئەمڕۆ بڵاوی كردووەتەوە، ژمارەیەك كوژراو و بریندار لە هێزەكانی لە كەرتی غەزە هەیە و بەشێك لە بریندارەكانیش، دۆخیان مەترسیدارە.

پێگەی "شەفەق نیوز" ئەمڕۆ سێشەم هەشتی تەمووز بڵاوی كردووەتەوە، بەپێی بەیاننامەكەی سوپای ئیسرائیل، لە پێكدادانێك لە باكوری كەرتی غەزە، پێنج سەربازیان كوژراون و 14 سەربازی تریش بریندارن كە هەندێك لە بریندارەكانی دۆخیان باش نییە، هاوكات لەناویاندا چەند ئەفسەرێك هەن.

سوپای ئیسرائیل لە بەیاننامەكەیدا باسی ئەوەشی كردووە كە لە پێكدادانەكە و لە تەقینەوەی بۆمبێكی چێنراو بە هێزەكانیان، ئەو ژمارە زۆرەی كوژران و بریندارانی لێ كەوتووە.

سوپای ئیسرائیل ناوی كوژراوەكانی ئاشكرا كردووە كە بریتین لە رەقیب مائیر شەمعوون عەمار /20 ساڵ/ لە قودس. رەقیب موشیە نەسیم بارش /20 ساڵ/ لە قودس. رەقیبی یەكەم "یەدەگ" بنیامین ئەسۆلین /28 ساڵ/ لە حەیفا. رەقیب ناعووم ئەهاروون مۆسگاردیان /20 ساڵ/ لە قودس. سەربازێكیش لە لیوای باكوری فرقەی غەزە كە ناوی ئاشكرا نەكراوە.

میدیاكانی عیبری دوێنێ بڵاویان كردەوە، لە پێكدادانێكدا لە غەزە، پێنج سەربازی ئیسرائیلی كوژراون و 15 سەربازی تریش بریندارن. هاوكات باس لەوە دەكرێت كە سەربازێكیش لەو رووداوە دیار نییە.





وشە - وشیار ئه‌حمه‌د ئه‌سوه‌د