لە هەنگاوێکی نوێدا بۆ یەکلاییکردنەوەی کێشە داراییە هەڵپەسێردراوەکانی نێوان هەولێر و بەغدا، ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق ئەمڕۆ سێشەم، هەشتی تەمووزی 2025، پێکهێنانی لیژنەیەکی باڵای وەزاریی ڕاگەیاند، ئەرکی ئەم لیژنەیە بریتییە لە تاوتوێکردنی دوو "پێشنیازنامە"، کە یەکێکیان لەلایەن حكوومەتی فیدراڵی و ئەوی تریان لەلایەن حكوومەتی هەرێمی کوردستانەوە پێشکەش کراون، بەمەبەستی گەیشتن بە بڕیارێکی کۆتایی لەسەر دۆسیەی مووچە و داهاتەکان.
بەگوێرەی ڕاگەیەنراوێکی فەرمی کە لە نووسینگەی ڕاگەیاندنی محەمەد شیاع سوودانی، سەرۆک وەزیرانی عێراقەوە دەرچووە، ئەم هەنگاوە لە چوارچێوەی "پابەندبوونی حكوومەتە بە جێبەجێکردنی یاسای بودجەی گشتیی فیدراڵی و بڕیارەکانی دادگای فیدراڵی".
ڕاگەیەنراوەکە ئاشکرای کردووە، ئەنجوومەنی وەزیران گفتوگۆی لەسەر دوو پێشنیازنامە کردووە کە تایبەت بوون بە میکانیزمی ڕادەستکردنی داهاتە نەوتی و نانەوتییەکانی هەرێم و دۆسیەی مووچەی فەرمانبەران و بەنیشتمانیکردنی (تەوتین).
لەسەر بنەمای ئەمە، سەرۆک وەزیران ڕاستەوخۆ فەرمانی بە پێکهێنانی لیژنەیەکی باڵا کردووە بە سەرۆکایەتیی جێگری سەرۆک وەزیران و ئەندامێتیی وەزیری پلاندانان، ئاوەدانکردنەوە و نیشتەجێکردن، خوێندنی باڵا، داد و تەندروستی.
ئەرکی سەرەکیی لیژنەکە ئەوەیە کە لەگەڵ سەرجەم لایەنە پێوەندارەكان لە حكوومەتی فیدراڵی و حكوومەتی هەرێمدا گفتوگۆ لەسەر هەردوو پێشنیازنامەکە بکات، لە کۆتاییدا ڕاسپاردەکانی خۆی پێشکەش بە ئەنجوومەنی وەزیران بکات بۆ ئەوەی "لە نزیکترین کاتدا" بڕیاری گونجاوی لەبارەوە بدرێت.
پێکهێنانی ئەم لیژنە باڵایە دوای چەندان مانگ لە گرژیی سیاسی و فشاری دارایی دێت کە بەغدا لەسەر هەرێمی کوردستانی دروست كردووە، بەتایبەتی لە رێگەی دواخستنی مووچەی فەرمانبەرانەوە.