دادگایەكی توركیا چاتبۆتی ژیریی دەستكردی "گرۆك"ی قەدەغە كرد كە لەلایەن كۆمپانیای xAIـی سەر بە ئیلۆن ماسكەوە پەرەی پێ دراوە، هۆكاری بڕیارەكە بۆ ئەوە دەگەڕێتەوە چاتبۆتەكە وەڵامێكی ورووژاندووە كە بە گوتەی دەسەڵاتداران، "سووكایەتی"ی تێدا بووە بە ڕەجەب تەیب ئەردۆغان سەرۆك كۆماری توركیا.
ئەمە یەكەمجارە لە توركیا بڕیارێكی لەم شێوەیە دژی ئامرازێكی ژیریی دەستكرد دەربچێت، ئەم بڕیارەی دادگا بەهۆی ئەوەیە كە لە كاتی پرسیاركردن لەو ژیریی دەستكردە، وەڵامێك وەرگیراوە كە هەست بە سووكایەتی دەكرێت بەرانبەر رەجەب تەیب ئەردۆغان سەرۆك كۆماری توركیا.
نووسینگەی داواكاری گشتیی ئەنكەرە ڕای گەیاندووە، لێكۆڵینەوەیەكی فەرمی لەمبارەیەوە دەستی پێ كردووە، بەپێی میدیاكان، "گرۆك" كە لەگەڵ تۆڕی كۆمەڵایەتیی ئێكس (تویتەری پێشوو) بەستراوەتەوە، لە وەڵامی هەندێك پرسیاردا بە زمانی توركی، ناوەڕۆكێكی سووكایەتیئامێزی لەبارەی ئەردۆغان ورووژاندووە.
تا ئێستە نە كۆمپانیای ئێكس و نە ئیلۆن ماسك خاوەنی كۆمپانیاكە، هیچ لێدوانێكیان لەسەر بڕیارەكەی دادگای توركیا نەداوە، مانگی ڕابردوو ماسك بەڵێنی دابوو كە "گرۆك" نوێ بكاتەوە و ئاماژەی بەوە كردبوو "زانیاریی ناپێویست و ناڕاست زۆرە لەو داتایانەی كە بۆ ڕاهێنانی مۆدێلەكان بەكار دێن."
دەسەڵاتی تەكنەلۆجیای زانیاری و گەیاندن "BTK" لە توركیا، دوای بڕیاری دادگا، قەدەغەكەی جێبەجێ كردووە، ئەم بڕیارە پشت بە یاساكانی توركیا دەبەستێت كە بەپێی ئەوان سووكایەتیكردن بە سەرۆك كۆمار تاوانە، سزاكەی دەكرێت بگاتە چوار ساڵ زیندانیكردن.