رووسیا بە 728 درۆن ئۆكراینا دەكاتە ئامانج و زیلینسكیش هەڕەشە دەكات

:: PM:02:13:09/07/2025 ‌
ڕووسیا لە هێرشێكی ئاسمانیی بێوێنەدا، شەوی ڕابردوو بە ٧٢٨ درۆن ئۆكراینای كردە ئامانج، ئەم هێرشە ڕیكۆردییە ماوەیەكی كەم دوای ئەوە دێت كە ویلایەتە یەكگرتووەكانی ئەمەریكا، بەڵێنی ناردنی چەكی بەرگریی زیاتری بە كیێڤ دا و ڕەخنەی ڕاستەوخۆی ئاراستەی ڤلادیمێر پوتین كرد، لە بەرانبەردا هێزی ئاسمانیی ئۆكراینا ڕای گەیاند كە زۆربەی زۆری درۆنەكانیان پووچەڵ كردووەتەوە.

شەوی ڕابردوو ئاسمانی ئۆكراینا بووە گۆڕەپانی یەكێك لە چڕترین هێرشە ئاسمانییەكانی ڕووسیا لە سەرەتای جەنگەكەوە، كاتێك مۆسكۆ بە ٧٢٨ درۆنی هێرشبەر، وڵاتەكەی كردە ئامانج.

هێزی ئاسمانیی ئۆكراینا لە ڕاگەیەنراوێكدا لە تۆڕی تێلیگرام بڵاوی كردەوە كە یەكەكانی بەرگریی ئاسمانیی وڵاتەكەیان، توانیویانە بەشێوەیەكی سەركەوتوو بەرپەرچی هێرشەكە بدەنەوە و نزیكەی هەموو درۆنەكان تێكبشكێنن. لە ڕاگەیەنراوەكەدا ئاماژە بەوەیش كراوە كە سیستمی جامینگی ئەلیكترۆنی (تێكدانی شەپۆل) ڕۆڵێكی كاریگەری لە پووچەڵكردنەوەی هێرشەكاندا هەبووە.

لەلای خۆیەوە ڤۆلۆدیمێر زیلینسكی سەرۆكی ئۆكراینا، لە پەیامێكدا لە تێلیگرام ڕای گەیاند، ئەم هێرشە كە دوای زنجیرەیەك هێرشی ئاسمانیی چڕ لە هەفتەكانی ڕابردوودا دێت، پێویستیی سەپاندنی سزای "كاریگەر و بەئازار" بۆ سەر سەرچاوەكانی داهاتی ڕووسیا دەسەلمێنێت.

زیلینسكی دووپاتی كردەوە كە پێویستە ئەو سزایانە، ئەو لایەنانەش بگرێتەوە كە نەوتی ڕووسیا دەكڕن، چونكە ئەو داهاتە بۆ دەوڵەمەندكردنی شەڕ و دروستكردنی "تیرۆر" بەكار دەهێنرێت.



وشە - پێشەنگ مەحموود